سەردێر

ڕەوتی سەدر: دەستوەردانی دەرەكی ڕەتدەكەینەوە و خۆمان حكومەت پێكدەهێنین

خەڵك-
ڕەوتی سەدر كە لەلایەن موقتەدا سەدرەوە ڕابەرایەتی دەكرێت، باس لە دەستوەردانە دەرەكییەكان دەكات لە پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو لە پاش هەڵبژاردنی پێشوەختە.

مەحمود زەجراوی پەرلەمانتاری سەدرى لە پەرلەمانی عیراق لەو بارەیەوە ڕایگەیاند”ڕەوتی سەدر ڕێگە بە هیچ دەستوەردانێكی دەرەكی نادات لە پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق، بە تایبەت دوای ئەوەی زۆرینەی پەرلەمانی دەهێنن كە مافی پێكهێنانی حكومەتیان دەبێت، ئەوان لەگەڵ پێكهێنانی حكومەتدان لە ناوخۆدا نەك لە دەرەوەی سنورەكان”.

بە وتەی زەجراوی”ڕەوتی سەدر ئەو لایەنە سیاسییە ئاشكرا ناكات كە ئەجێندا دەرەكییەكان جێبەجێ‌ دەكات لە پێكهێنانی حكومەتی نوێ‌، بە تایبەت كە زۆرێك لەو وڵاتانە بە شێوازیی جیاجیا دەیانەوێت دەستوەردان بكەن لە دۆسێی پێكهێنانی حكومەتی عیراقی، بەڵام لەدوای دەستەبەركردنی زۆرینەی پەرلەمانی لەلایەن سەدرییەكانەوە، ڕێگە بەو كارە نادرێت كە پێشتر ڕویداوە”.