سەردێر

“هەندێك حزب دەیەوێت كۆنگرەكەی هەولێر بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن گەورە بكات”

خەڵك-

كۆنگرەی ئاشتی لە هەولێر كاردانەوەی ناوخۆیی و دەرەكی لێكەوتەوەو چاودێرێكی سیاسیش ڕایدەگەیەنێت، هەندێك حزب دەیەوێت بابەتی كۆنگرەكەی هەولێر بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن گەورە بكات.

ئاسۆ كەریم چاودێری سیاسی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، حكومەتی هەرێم‌و سەرۆكایەتی هەرێم ڕوونكردنەوەیان لەسەر ئەو كۆنگرەیە هەبوو، كە خەڵكێكی عەرەب لە چەند پارێزگایەكی عێراق لە هەولێر ئەو كۆبوونەوەیان ئەنجامداو ئەو كۆنگرەیەش پێشنیار خراوەتەڕوو كە پێویستە نێوان عێراق و ئیسرائیل ئاسایی بكرێتەوە.
وتیشی”ڕێكخراوێكی كۆمەڵی مەدەنی، كۆمەڵێك خەڵكی عەرەبی بانگ كردووە كە لە كوردستان دەژین و تارادەیەكی باش ئازادی ڕادەربرین و كۆبوونەوە هەیە لە چوارچێوەی ئەوەشدا بەشتێكی زۆر ئاسایی دەبینم، خەڵكێكی عەرەب بتوانن بیروڕای خۆیان دەرببڕن كە پەیوەیستە بە داهاتووی وڵاتەكەیان”.
ئاشكراشیكرد، لە بەغدا‌و لەسەر ئاستی سەرۆكایەتی هەرێم، كاردانەوەیان هەبووە‌و پێیانوایە داواكردن بۆ ئاساییكردنی دۆخەكە لەگەڵ ئیسرائیل دژ بە دەستوورە‌و بەرژەوەندیەكانی عێراقە.
جەختیشیكردەوە، لەوانەیە بیانەوێت ئەم بابەتە گەورە بكرێت، لەكاتێكدا هەڵمەتی هەڵبژاردن لە گۆڕێیە، لەوانەیە خەڵكێك بیەوێت سوود لەو كۆبوونەوەیە وەربگرێت.

ڕوونیشیكردەوە، ئەوانەی قسەیان لە كۆنگرەكە كردووە خەڵكی دیارن و بیروڕای خۆشیان نەشاردوەتەوە‌و پێموانییە حكومەتی عێراق ئاگاداری ئەو بابەتە نەبێت، بەڵام ئێستا دۆخێك هەیە كە ئیسرائیل بە دوژمن سەیر دەكرێـت، ئەمە كاریگەری خراپی دەبێت لەسەر پەیوەندییەكانی هەرێم‌و بەغدا، بەڵام خۆ ئەوە هەرێم نییە ئەو كۆبوونەوەی ڕێكخستبێت.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، دەبوو لایەنەكانی كوردستان‌و میدیا جەخت بكەنەوە كە ئازادی ڕادەربڕین هەیە و عەرەبێكی زۆر هاتوون‌و ئاساییە ئەو خەڵكانە قسەیەكیان هەبێت.