سەردێر

محەمەدی حاجی مەحمود: خولی داهاتووی پەڕلەمانی عێراق كەس بەكەس و بێ خاوەن دەبێت

هێرشی توند دەكاتە سەر یەكێتی و پارتی و دەشڵێت"زیاتر لە دوو كورسی بەدەستدەهێنین"

خەڵك-

سكرتێری حیزبی سۆسیالیست ڕایدەگەیەنێت، چەنێك لە بەغدا بەهێزبین ئەوەندە دەتوانیین مافە ڕەواكانی خۆمان بەدەستبهێنین.

محەمەد حاجی مەحمود سكرتێری حیزبی سۆسیالیست بە دەنگی ئەمریكای ڕاگەیاند، لەچوارچێوەی عێراقدا پڕۆسەیەكی سیاسی هەیە كە هەڵبژاردنە، سەد لەسەد دەزانم ئەم عێراقە بەمشێوەیەی ئێستا ناتوانێت دەوام بكات، دەبێت عێراق دابەش بكرێت، چونكە بیستومە لەم ڕۆژانەدا هەندێك لە لێپرسراوانی دەسەڵاتی عێراقی هەیە باسی ئەوە دەكەن 2023 كۆتایی بە سایكیس بیكۆ دێت كە كۆتایی هات كوردستانی عێراق، توركیا داگیریدەكات، بەڵام ئەگەر سایكس بیكۆ كۆتایی پێبێت شتێك بەناوی عێراقەوە نامێنێت دەبێت هەرسێ ویلایەتەكە بەسڕە‌و بەغدا‌و موسڵ جیابێتەوە لەیەكتر.

سەبارەت بە جێبەجێكردن و وەرگرتنەوەی مافەكانی كورد لە بەغدا ناوبراو ڕایگەیاند، پێشتر كورد لە عێراق یەك بازنە بوو لە 275 كورسی كورد 77 كورسی هەبوو، سەرۆك كۆماری هەبوو وچەندین پۆستی دیكەی هەبوو، ئەوكاتە كورد بەئاسانی دەیتوانی بیكات، بەڵام نەیكرد، لەدوای ئەوانەش هەردەیتوانی بیكات، ئێستا كۆمەڵێك لە ئەندامەكانمان لە بەغدا هەوڵدەدەن قەوارەی هەرێم هەڵوەشێتەوە، پارەی كوردستانیان بڕیوە واتە جۆری خەڵكەكان كێن لە بەغدا ئەوە گرنگە ڕاستە ژمارە كاریگەری هەیە، بەڵام جۆری كەسایەتیەكان لە بەغدا ئەوانە لەوێ ئیش دەكەن كێن؟
سەبارەت بە پێشبینییان بۆ خولی داهاتوو، ئاشكرایكرد، پەڕلەمانی عێراق هەرخۆی پەڕلەمانێكی بێهێز دەبێت، چونكە هی حزب نییە‌و هی هەموو تاكێكە، جاران دوو دەنگ دەدرا دەنگێك بۆ لیستی حزبەكە و دەنگێك بۆ كەسایەتیەكە واتە لەسەر لیست بوو كاتێك كە كێشەیەك لەعێراقدا دەبوو تەنانەت كە ئەمەریكیەكان تەداخولیان دەكرد لەگەڵ مالیكی‌و سەدرو حەكیم‌و مام جەلال‌و كاك مەسعود‌و عەلاوی‌و ئەمانە كۆدەبوونەوە، ئێستا لەگەڵ كێدا كۆدەبنەوە؟ ئەم یاسا نوێیە وایكردووە پەڕلەمانێكی بەهێز نەبێت، كەسایەتیەكان زۆر لاواز دەبن هەركەسێك بەئارەزووی خۆیان دەتوانێت هەڵیانسوڕێنێت.

جەختی لەوەش كردەوە، خولی داهاتووی پەڕلەمانی عێراق كەس بەكەس دەبێت، پەڕلەمانێك نییە خاوەنی هەبێت، واتە پەرلەمانێك نییە كە سەرانی حیزبەكان كۆببنەوە و چارەسەری كێشەكان بكەن بەڵكو پەڕلەمانێكە هەركەسێك بە وەكالەت بە تەوجیهی كەسێك بۆ وڵاتێك ئیش دەكات.

ڕوونیشیكردەوە، دەبینم سێ خول لە بەغدایە، یەك قسەی بۆ كورد نەكردووە، ئێستا هاتووەتەوە جلێكی كوردی لەبەركردووە‌و دەگەڕێت دەنگ بدەن بەخۆی، دەیەوێت چوار ساڵی تریش بچێتەوە بۆ بەغدا لەكاتێكدا ئەوانە دژی ئەوە بوون كە فڵانە كەس ماوەی بەسەرچووەو بۆ دەستلەكارناكێشێتەوە! ئێستا خۆیان دوو خولە لە بەغدان دەیانەوێت چوار ساڵی تریش بچنەوە بەغدا، یاخود ئەو حزبانەی لە دەسەڵاتن 30 ساڵە لەكوردستانن و ئەم وڵاتە لەدەستی ئەوانە ئێستا دەگەڕێت، دەڵێت دەنگم بۆ بدەن با خزمەتگوزاریت بۆ بكەم باشە 30 ساڵە ئەوان چیان كردووە!

سەبارەت بە كاندیدانی حیزبەكەی محەمەدی حاجی مەحمود ڕایگەیاند، ئێمە 21 كاندیدمان هەیەو پێشبینی دەكەین زیاتر لە دوو كورسی بەدەست بهێنیین.