سەردێر

عەفرین بووە مەیدانی پێكدادانی توركیا و رووسیا

فڕۆكە جەنگییەكانی روسیا گرووپە ئیسلامییەكانی توركیایان لە عەفرین بۆردومان كرد

خەڵك

لە ئاكامی هێرشی ئاسمانی لە باكووری سوریا یەكشەممە بۆ سەر گرووپە شەڕكەرەكانی ئۆپۆزسیۆن كە توركیا پشتیوانیان لێدەكات ٢٠ چەكدار كوژران و برینداربوون وەك رێكخراوێكی چاودێری شەر و میدیای لایەنگری حكومەتی سوریا بڵاویانكردەوە.

رادیۆی دەنگی ئەمریكا بڵاویكردەوە، هێرشەكە شوێنێكی ئوپوزسیۆنی لە نزیك شاری عەفرینی رۆژئاوای كوردستان كردە ئامانج. ئەم هێرشە لە میانەی چوونەسەری گرژییەكانی نێوان هێزەكانی حكومەت و گرووپەكانی یاخیبوودا دێت ئەوانەی هێشتاش شوێنی بەهێزیان لە باكووری رۆژئاوای سوریا، بە تایبەتی لە هەرێمی ئدلیبدا هەیە.

هێرشی ئاسمانی لە دەمی بەیانیدا لە لایەن فڕۆكە جەنگییەكانی رووسیاوە ئەنجام درا وەك چالاكانی ئوپوزسیۆن دەڵێن.

بەپێی سەرچاوە ئاگادارەكان پێوەندییەكانی رووسیا و توركیا رووی لە گرژی كردووە، مۆسكۆ خوازیاری كۆتایهێنانە بە تەنگەژەی سووریا لە رێگای گەڕاندنەوەی هێزە حكومەتییەكان بۆ ئیدلب و دوورخستنەوەی گرووپە توندڕۆ ئیسلامییەكان و هێنانەئارای رێككەوتنێك لە نێوان كورد و دیمەشقدا.

بڕیارە بەم نزیكانە فلادیمێر پۆتین سەرۆكی رووسیا و رەجەب تەیب ئەردۆغان لەسەر رەوشی سووریا كۆببنەوە و رەوشی مەیدانی تاووتوێبكەن.

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا دەڵێت هێزە حكومەتییەكانی سووریا مەترسییان بۆ سەر سنوورەكانی باشووری توركیا درووستكردووە.