سەردێر

گەورەترین غەرامە بە سەر هێڵێكی ئاسمانیدا سەپێندرا

خەڵك

حكومەتی ئەمریكا بڕی 1.9 ملیۆن دۆلار غەرامەی بەسەر كۆمپانیای هێڵی ئاسمانی یونایتد ئێرلاینزدا سەپاند بەهۆی رێدانی بە دواكەوتنی گەشتە ئاسمانییەكانی و مانەوەی فڕۆكەكان بۆ چەند سەعاتێك لەسەر زەوی، ئەمە بە گەورەترین غەرامە دادەنرێت كە لەسەر دواخستنی گەشتەكان دەكرێت بەپێی كەناڵی سی بی ئێس.

وەزارەتی گواستنەوەی ئەمریكا ئاشكرایكردووە 25 رووداو بوون لە نێوان دیسەمبەری 2015 تا فێبرایەری ئەمساڵ زیاد لە 3200 سەرنشین لەسەر فڕۆكەكان گیریان خواردووە بەبێ ئەوەی رێگای دابەزینیشیان هەبێت.

بۆ نمونە لە 2019 گەشتێك لە شیكاگۆوە بۆ ویسكونسن بەهۆی زریانەوە زیاد لە 4 سەعات فڕۆكەكە لە گەشتەكەی دواكەوت بەبێ ئەوەی رێگابدەن بە سەرنشینەكان لە نێو فڕۆكەكەدا بچنە دەرەوە.

درێژترین دواكەوتن 5 سەعات بوو لە 2016 دوای ئەوەی گەشتێكی نێودەوڵەتی لە هۆستنەوە بۆ نیوئۆرلێنز دواكەوت رێگا نەدرا سەرنشینەكان دابەزن لە فڕۆكەكە، تا گەیشتە ئەوەی تیمی فڕۆكەكە كاتی یاسایی كاركردنیان تەواو بوو، ناچار بوو تیمێكی دیكەیان هێنا.

حكومەتی فیدراڵی ئەمریكا داوای لە هێڵە ئاسمانییەكان كردووە بۆ گەشتی نێوخۆ 3 سەعات و بۆ گەشتی نێودەوڵەتی 4 سەعات بوار بدرێت بە سەرنشینەكان بگەڕێنەوە جگە لە هەندێك باری تایبەت بە پارێزی و ئاسایش و چاودێری جوڵەی ئاسمانی.