سەردێر

دواین زانیاری لەسەر سەربازی زۆرەملێ‌ لە عێراق و هەرێم

خەڵك-
پڕۆژە یاسای سەربازی زۆرەملێ‌ گەیشتۆتە سەرۆكایەتی پەڕلەمانی عێراق و پەڕلەمانتارێكی هەرێمیش دەڵێت: “ئەگەر لە بەغدا جێبەجێ‌ كرا و باش بوو دەكرێت ئێمەش هەنگاوی بۆ بنێین”.

محەمەد ڕەزا، سەرۆكی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەڕلەمانی عێراق بۆ ئاژانسی هەواڵی (العراقیە) ئاماژەی بەوەكردووە، لیژنەكەیان دەیانویست هەردوو یاسای دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و دەزگای هەواڵگری لەكاتی زووتردا بگەنە لیژنەكە، بەڵام ئەو دوو یاسایە درەنگ گەیشتنە لیژنە و هیچ كاتێك نەماوە بۆ ئەنجامدانی خوێندنەوەی یەكەم و دووەم، چونكە پەڕلەەمان كۆبوونەوە ناكات.

ڕاشیگەیاندووە، یاسای خزمەتی سەربازی زۆرەملێ‌ تا ئێستا نەگەیشتۆتە لیژنەكەیان، بەڵام گەیشتۆتە سەرۆكایەتی پەڕلەمان و لیژنەكەشیان پاڵپشتی ئەو یاسایە دەكات تاوەكو عێراق ببێتە خاوەنی هێز و بەرگری باشتر لەسەر دەستی گەنجان.

ئاشكراشی كردووە، لەكاتی خزمەتی سەربازیدا مووچەی زیادە لەگەڵ ڕۆشنبیری سەربازی و پاراستنی نیشتمان بەو هێزانە دەدرێت، بۆیە هیوادارین لە خوولی داهاتووی پەڕلەمان دەنگ بە یاساكە بدرێت.

لای خۆشیەوە، عوسمان كەریم، جێگری سەرۆكی لێژنەی كاروباری پێشمەرگە لە پەڕلەمانی كوردستان بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، بۆ پەیڕەو كردنی سیستمی خزمەتی سەربازی زۆرەملێ‌ لە هەرێمی كوردستان گفتوگۆی لەسەر كراوە، بەڵام تا ئێستا هیچ هەنگاوێكی كرداری نەنراوە.
ڕاشیگەیاند، چاوەڕێی حكومەتی عێراق دەكەین، بزانین ئەو یاسایەی ئەوان دوای پەسەند كردنی چۆن پەیڕەو دەكرێت و لە بواری جێبەجێكردندا چۆن دەبێت، ئەوكات ئەگەر زانیمان سەركەوتووە دەوانین ئێمەش یاسایەكی تایبەت بە خۆمان دەربكەین بۆی.

مانگی ڕابردوو حكومەتی عێراق پڕۆژە یاسای پەیڕەوكردنی سیستمی سەربازی زۆرەملێ‌ (تجنید العسكری)ی پەسەند كرد و ڕەوانەی پەڕلەمانی كرد بۆ دەنگدان لەسەری، كە بەپێی پڕۆژەكە هەر سەربازێك بەپێی بڕوانامەكە ماوەی سەربازی بۆ دیاری دەكرێت و لە تەمەنی 18 ساڵییەوە دەستپێدەكات لەگەڵ پێدانی مووچەی مانگانە لە 500 هەزار بۆ 750 هەزار دینار.