سەردێر

دوو جۆری پەتا لەناو منداڵانی هەرێم بڵاوبۆتەوە

خەڵك-
لە ئێستادا بەشێك لە منداڵان تووشی چەند جۆرە پەتایەك ئەبن، كە نیشانەكانیان بریتین لە (تا، كۆكە، هەڵامەت، سكچوون، ڕشانەوە، ئازاری سك و سەرئێشە)، كە بە بۆچووونی پزیشكێكی پسپۆڕی منداڵان، “هەندێك لە منداڵەكان نیشانەكانیان سووكن و بەشێكی دیكەشیان بەتووندی تووش ئەبن، بە گوێرەی نیشانەكان و ئەو شیكاریە تاقیگەییانەی، كە بۆیان دەكرێت دەركەوتووە بەشێكیان تووشبووی كۆرۆنان، بەشێكی دیكەشیان جۆرێكن لە پەتای هەڵامەتی ئاسایین”.

د.پشدەر عەبدوڵڵا، پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشییەكانی منداڵان و بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی د.جەمال ئەحمەد ڕەشیدی منداڵان بۆ ماڵپەڕی تەندروستی سلێمانی ڕایگەیاند، بەهۆی كردنەوەی دەرگای خوێندنگەكان چاوەڕوان كراوە، كە ئەو حاڵەتانە زیاد بكات، بەتایبەت كەساڵی پار دەرگای ئەو شوێنانانە داخراوبوون و كەمترین تووشبووی منداڵ هەبوو، بۆیە بەشی زۆری منداڵان بەرگرییان بۆ درووست نەبووە بۆ كۆرۆنا و پەتا وەرزییەكان، بۆیە چاوەڕوانكراوە، كە ئەمساڵ حاڵەتی تووشبوونی منداڵان بە كۆرۆنا و پەتای وەرزیش زۆر بن.

سەبارەت بەوەی ئایە لەگەڵ داخستنی دەرگای خوێندنگەكاندان؟ ئەو پزیشكە پسپۆڕە وتی، “بەدڵنیاییەوە نەخێر، دوو ساڵی ڕابردوو گەورەترین زیان بەر پڕۆسەی پەروەردە و فێركردن كەوت، بۆیە داخستنی دەرگای خوێندنگاكان ئەبێت دواشوێن بێت كەبیری لێ بكرێتەوە، ئەویش لەبەر گرنگی پڕۆسەی پەروەردە و فێركردن”.

جەختیشی كردەوە، لە ئێستادا باشترین ڕێكار، كە بگیرێتەبەر خۆپارێزییە، منداڵان فێر بكرێن چۆن خۆپارێزی بكەن.

د.پشدەر لەبارەی قورس و سوكی پەتاكەوە ڕاشیگەیاند، بەشی زۆریان بەسووكی ئەیگرن، بەشێكیشیان نیشانەیان هەر لێ دەرناكەوێت، بەشێكیشیان بە تووندی ئەیگرن، بەڵام دوای وەرگرتنی چارەسەر لەنەخۆشخانە دوای چەند ڕۆژێكی كەم باروودۆخیان باش ئەبێت و ئەنێردرێنە ماڵەوە.

وتیشی، “بارودۆخ زۆر ئاساییە، توانای نەخۆشخانەكە هەم لەڕووی ژمارەی بێد و ئامێری پێویست و دەرمان و تاقیگەوە هەنگاوی باشی ناوە و دەتوانم بڵێم لە باشترین باروودۆخداین”.