سەردێر

ڕێكاری پڕكردنەوەی فۆڕمی زانكۆلاین دەستی پێكرد

خەڵك-
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حكومەتی هەرێم وشەی تێپەڕ و نهێنی (پاسۆرد و یوزەرنەیم)ی بۆ سەرجەم دەرچووانی قۆناغی 12ی ئامادەیی ئامادە كرد و ئاڕاستەی وەزارەتی پەروەردە و بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئەزموونەكان كرا.

عەباس ئەكرەم، وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، دوای هەوڵەكانی وەزارەت و ناوەندی وەرگرتن، وشەی تێپەڕ و نهێنی (پاسۆرد و یوزەرنەیم) بۆ سەرجەم دەرچوانی 12ی ئامادەیی ئامادەكرا و دوێنێ ڕەوانەی وەزارەتی پەروەردە (بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئەزموونەكان) كرا.

وتیشی، “داوا لە دەرچووانی پۆلی 12ی ئامادەیی دەكەم لەم هەفتەیەوە دەتوانن خۆیان سەردانی خوێندنگەكانیان بكەن بۆ وەرگرتنەوەی وشەی تێپەڕ و نهێنی (پاسۆرد و یوزەرنەیم) و پێویستە بەباشی پاسۆرد و یوزەرنەیمەكانیان بپارێزن، چونكە دواتر لەڕێگەی ئەو (پاسۆرد و یوزەرنەیم)ە دەتوانن (زانكۆلاین) پڕبكەنەوە”.

لەبارەی كاراكردنی زانكۆلاین بۆ دەرچووانی 12ی ئامادەیی، وتەبێژەكەی خوێندنی باڵا ڕایگەیاند، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا زانكۆلاین كارا دەكرێت و پێش كاراكردنیشی لە ڕاگەیەنراوێكی ڕۆژنامەوانیدا وردەكارییەكەی بۆ دەرچووان دەخرێتەڕوو.