سەردێر

ڕۆژئاوای كوردستان، فەڕەنسا بە جێگرەوەی ئەمریكا دادەنێت؟

خەڵك-

فەتحوڵلا حوسەینی ئەندامی نوێنەرایەتیی ڕێڤەبەری خۆسەری ڕۆژئاوا لەباشووری كوردستان ڕایدەگەیەنێت، لەسەر ئاستی سیاسی گرنگترین وڵات كە پەیوەندی بە بابەتی سوریا و كوردەوە هەبێت فەرەنسایە لەم قۆناغەدا.

مەترسی كشانەوەی ئەمریكا لە عێراق و سوریا لە ئارادایە و بەمەستی دۆزینەوەی جێگرەوەیەك بۆ ئەمریكا فەڕەنسا چاوی بڕیوەتە عێراق و عێراقییەكانیش بە هەرێمەوە چاویان لەوەیە ئەو وڵاتە ببێتە جێگرەوەی ئەمریكا، جموجوڵەكانی بەرپرسانی فەڕەنسا و هەرێمیش ئەو خواستە نیشان دەدات، بەڵام لە ڕۆژئاوای كوردستان هیچ دەنگۆیەك بۆ جێگرەوەی ئەمریكا لە ئارادا نییە.

سەبارەت بە هەڵوێستی بەرپرسانی ڕۆژئاوا بۆ فەڕەنسا وەك جێگرەوەیەك فەتحوڵڵا حوسەینی ئەندامی نوێنەرایەتیی ڕێڤەبەری خۆسەری ڕۆژئاوا لەباشووری كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، دەتوانین بەشێوەیەكی دیكە باسی پەیوەندی ڕۆژئاوای كوردستان و پاریس بكەین، بەشێوەیەك لە سەردەمی فرانسۆ ئۆنلاند شاندێكی سەربازی سیاسی هاوبەش سەردانی كۆشكی ئەلیزێی كرد لە ساڵی 2015 و لەلایەن سەرۆكی فەڕەنسا پێشوازیان لێكرا، ئەوە پشتیوانییەكی مەعنەوی بوو بۆ كورد.
وتیشی”سێ مانگ لەمەوپێشیش بەڕێوەبەری خۆسەر و ئەنجومەنی سوریای دیموكرات لەسەر بانگهێشتی ماكرۆن گەیشتنە كوشكی ئەلیزێ و گفتوگۆی باشیان ئەنجامدا”.

جەختیشیكردەوە، نوێنەرێكی تایبەتی فەڕەنسایی بە بەردەوام بوونی هەیە لە ڕۆژئاوا، چاودێری گفتوگۆی كوردی كوردی دەكەن كە پڕۆژەیەكی فەڕەنساییە، هەرچەندە لەژێر چاودێری ئەمریكا بەڕێوەدەچێت.

حوسەینی ڕوونیشیكردەوە، ڕۆڵی فەڕەنسا لە هاوپەیمانی دژی داعش و لە ڕووی سەربازییەوە هاوكارییەكی باشیان كردووە و لەسەر ئاستی سیاسی گرنگترین وڵات كە پەیوەندی بە بابەتی سوریا و كوردەوە هەبێت فەڕەنسایە لەم قۆناغەدا، پەیوەندیمان باشە و هاتنی ماكرۆنیش بۆ هەرێم بۆ ئێمە زۆر باشە، چونكە هەموو پارچەی كوردستانە و گرنگە، لای ئێمە گرنگە نێچیرڤان بارزانی كۆبووەتەوە لەگەڵ ماكرۆن و شتێكی باشە.