سەردێر

“ئەم هەڵبژاردنە دەبێتە دوا بزمار لە تابووتی دیموكراسی”

لە عێراق هەڵبژاردن هیچ متمانەیەكی نەماوە، هەڵبژاردنەكانی 2018 بوونە عەیبەیەكی گەورە

خەڵك-

چاودێرێكی سیاسی ڕایدەگەیەنێت، هێزە سیاسییەكان عێراقدا هی ئەوە نین پرسی گۆڕانكاری بەقازانجی خەڵك یەكلایی بكەنەوە.
بڕیارە 10ی مانگی داهاتوو هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدرێت، بە ئومێدی دروستكردنی گۆڕانكاری لە عێراق، بەڵام بەشێك لە چاودێرانی سیاسی بێئومێدن لە گۆڕانكاری و پێیانوایە هەمان ئەو حزبانە عێراق بەڕێوەدەبەن كە پێشتر بوونیان هەبووە.

عوسمان گوڵپی چاودێری سیاسی و بەڕێوەبەری پلاتفۆڕمی كوردستان بۆ پرسە نیشتمانییەكان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، عێراق بە دۆخێكی تایبەتدا دەگوزەرێت، هەڵبژاردنی پێشوەختە لێكەوتەی ناڕەزاییەكان و كاریگەری ئەو قەیرانانەیە كە بەرۆكی عێراقیان گرتووە بە تایبەت هەڵبژاردنی پێشووی عێراق كە ڕەنگدانەوەی دەنگی خەڵك نەبوو، بەڵكو لێكەوتەی دەستێوەردان و ساختەكارییەكی گەورەبوو بۆ گۆڕینی پارسەنگی هێز.

ئاشكراشیكرد، دەستوەردانە دەرەكییەكان ناهێڵن عێراق بكەوێتە دەست دەنگی دەنگدەرانی و هەڵبژاردن بڕیار لە داهاتووی بدات، بەڵكو هەڵبژاردنیش دەبێتە گەڕێكیتری ململانێی نێوان ئاڕاستەكان بە پشتیوانی هەردوو هێزی بڕیار بەدەستی عێراق كە ئەمریكاو ئێرانە.

ڕوونیشیكردەوە، لەنێو ئەم ململانێ و بەریەككەوتنی بەرژەوەندیانەدا هەڵبژاردن و پڕۆسەی دیموكراسی دەبێتە قوربانی، وەك چۆن هەڵبژاردنی ٢٠١٨ بووە عەیبەیەكی گەورە لەسەر هەڵبژاردن و متمانەی عێراقیەكانی بەرامبەر هەڵبژاردن كەمكردەوە، ئەم هەڵبژاردنەش ئەوەندەیتیر پاشەكشە بە پرسی هەڵبژاردن دەكات و دەبێتە دوا بزمار لە تابووتی پڕۆسەی دیموكراسی لە عێراق، بە جۆرێك لێكەوتەكانی هەڵبژاردن و خواستی عێراقیەكان بە تەواوی لەیەك دوور دەكەونەوە.

جەختیشیكردەوە، هێزە سیاسییەكانی عێراق، هی ئەوە نین پرسی گۆڕانكاری بەقازانجی خەڵك یەكلاییبكەنەوە، بەڵكو عێراق بەهەمان بێ هیوایی ڕابردوودا تێپەڕ دەبێت لە دوای هەڵبژاردن لەگەڵ بێ متمانەیی زیاتر، بۆیە دۆخی عێراق لە ئێستا باشتر نابێت، چونكە ئەوانەی ١٨ ساڵە حكومڕانی عێراق دەكەن جارێكیتر بە بەهێزی دەردەكەونەوە‌و دەبنەوە كاربەدەستی عێراقیەكان، بۆیە ئەم هەڵبژاردنە جێگەی دڵخۆشی نیە، ئەمەش لە ڕەشبینیەوە نییە، بەڵكو هەڵقوڵاوی ئەو دۆخەیە كە هەڵبژاردنی تێدا ئەنجامدەدرێت.