سەردێر

ئەم هەڵبژاردنە ئەنجامی چاوەڕواننەكراوی تێدا دەبێت

سیستمی نوێی هەڵبژاردن مەودای ئازادی زیاتر دەكات

خەڵك
بەڕێوەبەری پڕۆژەكان لە پەیمانگای كوردی بۆ هەڵبژاردن دەڵێت، ئەم هەڵبژاردنە ئەنجامی چاوەڕواننەكراوی تێدا دەبێت، دەشڵێت سیستمی نوێی هەڵبژاردن مەودای ئازادی زیاتر دەكات.

ئارام جەمال، بەڕێوەبەری پڕۆژەكان لە پەیمانگای كوردی بۆ هەڵبژاردن لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ (خەڵك) دەڵێت، هەڵبژاردنی ئەمجارە جیاوازیەكی گەورەی تێدایە بەوەی كە سیستمی هەڵبژاردنەكە سەرلەبەری گۆڕاوە و پێشتر سیستمی نوێنەرایەتی ڕێژەیی بوو ئێستا زۆرینەی فرەییە، پێشتر ژمارەی بازنەكانی هەڵبژاردن 18 بوو ئێستا بووە بە 83 بازنە كە ژمارەی بازەكان زیادیكرد قەبارەی بازنە بچوك دەبێتەوە.

ئاماژە بە ئەوەشدەكات، گۆڕانكارییەكی دیكەی هەڵبژاردن هاتنی هاوبەشێكی دیكەیە بۆ هەڵبژاردن كە ئەویش كاندیدی سەربەخۆ و تاكەكەسە، ئەم سیستمی هەڵبژاردنە مەودای ئازادی زیاتر دەكات و پەیوەندی نێوان دەنگدەر و كاندید نزیكتر دەكاتەوە و بەرپرسیارێتی زیاتریش بۆ كاندید دروستدەكات لەبەرئەوەی كە كوڕو كچی گەڕەك و ناوچەكانن دەنگدەرەكان دەیان ناسن.

دەشڵێت، ئەم سیستەمی هەڵبژاردنە لە ئەنجامی ئەو خۆپیشاندانانەوە دروستبوو كە لە چەند پارێزگایەكی عیراقدا ڕوویاندا، زۆربەی حزب و لایەنە سیاسییەكانیش ناڕازین لە سیستمەكە و ئەم هەڵبژاردنە ئەنجامی چاوەڕواننەكراوی تێدا دەبێت.

وتیشی، خراپترین هەڵبژاردن لە عێراقدا لە 12\5\2018 بوو، كە رێز لە دەنگ و ئیرادەی دەنگدەر نەگیرا و ئەمەش یەكێك بوو لە هۆكارەكانی ساردبوونەوەی هاووڵاتییان لە دەنگدان.