سەردێر

بانگەشەی نادروستی هەڵبژاردن، نامۆبوونی سیاسی دروستدەكات

بەڵێنی هەندێك لە كاندیدەكان هەڵخەڵەتاندنی تێدایە

خەڵك
پسپۆڕێكی دەروونی باس لە لێكەوتە دەروونییەكانی بانگەشەی هەڵبژاردن دەكات و دەڵێت، بانگەشەی نادروستی هەڵبژاردن و جێبەجێنەكردنی بەڵێن لەلاین كاندید و لایەنە سیاسیەكانەوە، نامۆبوونی سیاسی و بێهیوایی دروستدەكات كە ئەوەش ڕێژەی دەنگدەر كەمدەكاتەوە لە ڕۆژی دەنگدان.

نزار گزالی، پسپۆڕی دەروونی و مامۆستای زانكۆ بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، كاریگەرییە نەشیاوەكانی بانگەشەی هەڵبژاردن و بەڵێنی ناڕاست و درۆ و چەواشەكاری لەكەسێك بۆ كەسێكی دیكە دەگۆڕێت، لەزانستی دەرونزانی جیاوازی تاكایەتی هەیە واتە كاریگەرییەكان لە كەسێك بۆ كەسێكی دیكە دەگۆڕێت، تەنانەت لە لایەنگری حزبێك بۆ حزبێكی دیكە و ڕێژەی نزیكبوونیان لە جۆری كاندیدەكانیش دەگۆڕێت.

ئاماژەی بە ئەوەشكرد، ئەم بانگەشەیەی ئێستا هەیە جیاوازە بەپێی ئەو سیستمە نوێیەی كەهەیە بە هۆی سیستەمی بازنەكان و دەنگدان بەلیست نییە، بەڵكو بە خودی كاندیدەكانە ئەوەش وادەكات ئەو كاندیدانە ڕێگاو شێوازی جیاواز بگرنەبەر و هەندێك جاریش ڕێگاكان نەشیاون و لە پێناوی بڕوا پێهێنانی بەرامبەرەكەیان دەیگرنەبەر.

“بەڵێنی هەندێك لە كاندیدەكان هەڵخەڵەتاندنی تێدایە”

دەشڵێت، نەك تەنها بەڵێنی نادروست، بەڵكو هەندێكجار بەڵێنەكانیان لۆژیكی تێدا نییە و باس لە هەندێك پرۆژە و بابەت دەكەن كە لە دەسەڵات و توانایاندا نییە ئەگەر بچنە پەرلەمانیش كەواتە جۆرێك لە هەڵخەڵەتاندنی تێدایە.

“نامۆبوونی سیاسی دروستدەبێت”

ئەو پسۆڕە دەرونییە باسلەئەوەشدەكات، كاتێك كە تاكەكان جۆرێك لە نامۆبوونی سیاسیان بۆ دروست دەبێت لە دەر ئەنجامی ئەوەی چاوەڕوانیدەكەن نایەتەدی و هەست بە نادادپەروەری كۆمەڵایەتی و مافخواردنیان دەكەن و ئازادیان سنوردار دەكرێت و حزبەكان لەبەرژەوەندی كەسانێكی دیاریكراو كاردەكەن و جیاوازی لەنێوان تاكەكاندا دەكەن، هەموو ئەمانە نامۆبوونی سیاسیان لەلای تاكی كورد دروستكردووە.

“بەشداری هاووڵاتییان لە هەڵبژاردن كەمدەبێت”

دەشڵێت، نامۆبوونی سیاسی وادەكات بەشداری سیاسی هاووڵاتییان كەمبێت و رێژەی دەنگدەر كەمبكات، وەك لە هەڵبژاردنەكانی ڕابردوو بینیومانە ڕێژەی بەشداری كردنی هاووڵاتییان لە هەڵبژاردندا بەرەوە كەمبوون چووە بەمشێوەیە ئەوانەی نامۆبوونی سیاسیان زۆرترە ئەوانە زیاتر بێتاقەت دەبن لە كاتی بانگەشەو نەشیاوی بانگەشەكان.

“بێبەڵێنی حزب و كاندیدەكان ، هاووڵاتییان نائومێد دەكات”

ئاماژە بە ئەوەشدەكات، جێبەجێنەكردنی بەڵێن لەلایەن كاندیدەكانەوە، وەك ئەوەیە كاتێك كەسێك چەندینجار بەڵێنێك دەدات و جێبەجێی ناكات لەبەرامبەردا ئەو كەسەی كە بەڵێنەكەی بۆ جێبەجێنەكراوە تووشی بێهیوایی بێزاری دەبێت، هەندێك كەس بە هۆی لێكەوتەكانی بانگەشەی هەڵبژاردن و جێبەجێنەكردنی بەڵێنەكان گوشاری كۆمەڵایەتیان لەسەر زیاد دەبێت و هەندێكی دیكەش هەست بە پەشۆكاوی دەكەن و ئەو كاتانەیان دێتەوە بیر كە مافیان پێشێلكراوە.