سەردێر

نێچیرڤان بارزانی؛ دوای سەد ساڵ هێشتا گەلی كوردستان هەر گیرۆدەی بەدەستهێنانی مافەكانیەتی

خەڵك
سەرۆكی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت ، گەلی كوردستان بە هەموو پێكهاتەكانییەوە، ئەوە سەد ساڵە ئازاری زۆریان چەشتووە و دوای سەدەیەكیش، هێشتا گەلی كوردستان هەر گیرۆدەی بەدەستهێنانی مافەكانیەتی.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە كۆنفرانسی “عێراق قەدەرێكی تراژیدی” لە هەولێر رایگەیاند، عێراق واتە وڵاتی پێكهاتەكان و هەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە لە سێ ویلایەتی مووسڵ، بەغدا و بەسرا پێكهاتووە، ئەو سێ ویلایەتەش بە پێی هەڵكەوتەی جوگرافی و كولتووری جیاوازن.

ڕاشیگەیاند، كێشەی سەرەكی عیراق وەك هەر وڵاتێكی فرەنەتەوە و فرە مەزهەب، بریتییە لە كێشە لەسەر دەسەڵات، بە ڕوای ئەو ئەو كاتە دەبێتە گرفت، كە لایەنێك بیەوێت بۆچوونی خۆی بەسەر هەموو لایەنەكانی دیكەدا بسەپێنێت ، یان بۆ یەكلاكردنەوەی كێشەكان، پەنا بۆ‌ بەكارهێنانی هێز یان سزا ببات، ڕێك وەك ئەوەی هەمیشە لە عیراق ڕوویداوە.

باسی لەوەش كرد، كە لە سەرەتای دامەزراندنی عێراق، لە بەغدا عەقڵیەتی هێز حاكم بووە، عێراقێكی زۆر دەوڵەمەند بە سامانی سروشتی، دەوڵەمەند بە سامانی مرۆیی، دەوڵەمەند بە پێكهاتەی نەتەوەیی و ئایینی و فرەكولتووری، لە پێگەیەكی جوگرافیای ستراتیژیدا، ئەگەر ئەو عەقڵیەتە نەبوایە، ئێستا یەكێك لە وڵاتە بەهێزەكانی ناوچەكە دەبوو.

ئەوەشی خستەڕوو، كە سەد ساڵە لە عێراق هەمان هەڵە دووبارە دەكرێنەوە و وانە لە ئەزموونی تاڵ و شكست لەدوای شكست وەرناگیرێت كە گەلان و پێكهاتەكانی عێراق بنیویانە.

نێچیرڤان بارزانی، جەختی لەوەش كردەوە بۆ ئەوەی عێراق ببێتە وڵاتی هەمووان سەقامگیر و ئاوەدان و پێشكەوتوو بێت، دەبێ هەمووان بە جورئەتەوە دان بە هەڵەكانی ڕابردوودا بنێن و خواست و هەوەسی خۆسەپاندن و چەندبارەكردنەوەی ڕابردوو، واز لێ بێنن.