سەردێر

مستەفا كازمی؛ بەرزكردنەوەی دروشمی ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ ئیسرائیل له هەولێرەوە كارێكی نادەستورییە

خەڵك
سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، عێراق ئەو كۆبونەوە نایاساییانە ڕەتدەكاتەوە، كە هەندێك كەسایەتی عەشایەری دانیشتووی شاری هەولێری هەرێمی كوردستان ئەنجامیانداوە‌و تێیدا دروشمی ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئیسرائیل بەرزكردوەتەوە، كارێكی نادەستورییە.
مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، كە حكومەتی عێراق جەخت دەكات لەسەر ئەوەی ئەم جۆرە كۆبونەوانە گوزارشت لە خەڵك ‌و دانیشتوانی ئازیزی شارە عێراقییەكان ناكەن، بەڵكو تەنیا گوزارشت لەو كەسانە دەكەن، كە بەشدارییان تێدا كردووە.
ڕاشیگەیاندووە، ئەم جۆرە كۆبونەوانە هەوڵێكن بۆ دروستكردنی ژاوەژاو لەناو دۆخی گشتی‌و زیندوكردنەوەی تائیفیەت لەكاتێكدا شارەكانی عێراق ئامادەكاری دەكەن بۆ چونە ناو پرۆسەی هەڵبژاردنی پێشوەختەوە.

ئاماژە بۆ ئەوەشكراوە، كە خستنەڕووی بیرۆكەی ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ ئیسرائیل، لە دەوڵەتی عێراقدا لەڕووی دەستوریی ‌و یاسایی‌و سیاسییەوە بابەتێكی ڕەتكراوەیە.

ئەوەشخراوەتەڕوو، كە وڵاتەكەی بەشێوەیەكی ڕوون هەڵوێستی جێگیری مێژوویی عێراقی بۆ پاڵپشتیكردن لە دۆزی ڕەوای فەلەستین راگەیاندووە، لەپێش هەموشیانەوە مافی دەوڵەتێكی سەربەخۆ بۆ گەلی فەلەستین كە پایتەختەكەی قودس بێت، هەروەها دوژمنایەتی‌ و داگیركاری كە ئیسرائیل پەیڕەوی دەكات دژی گەلی فەلەستینی برا، رەتدەكەینەوە.