سەردێر

ئەم خولەی پەڕلەمان، كورد دەنگی نزیكەی 10 كورسی پەڕلەمانی دەفەوتێت

خەڵك-

بەرپرسی مەڵبەندی كەركوكی بزووتنەوەی ئیسلامی ڕایدەگەیەنێت، بۆ ئەوەی كورد زۆرترین كورسی لە كەركوك بباتەوە و پێویستە چەند كاندیدێك لە هەڵبژاردنەكان بكشێنەوە.

حەسەن شێخانی، بەرپرسی مەڵبەندی كەركوكی بزووتنەوەی ئیسلامی و كاندیدی حزبە لە كەركوك بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، وەكو بەركەوتەی هەڵبژاردنەكان، كورد بەشی 7 كورسی دەنگی هەیە، بەڵام لە هەموو پڕۆسەیەكی هەڵبژاردندا بەهۆی ڕێكنەكەوتنی لایەنە كوردییەكان نزیكەی 150 هەزار دەنگمان دەڕوات، كە بەشی دوو كورسییە.

وتیشی، “لە هەڵبژاردنەكانی پێشوو توانیمان 7 كورسی بهێنین، بەڵام بەهۆی ئەو یاسایەی ئێستا دەرچووە بۆ هەڵبژاردنەكان، كە عێراق دابەشكراوە بۆ 83 بازنە، كوردێكی زۆر لە موسڵ تاكو بەسرە بوونیان هەیە، ئەگەر عێراق یەك بازنە بوایە بەشی 4 كورسیمان لەو دەنگانە دەبوو، بەڵام ئێستا بەشی 10 كورسیمان لێدەفەوتێت بەتایبەتی لەناوچە كێشەلەسەرەكان”.

سەبارەت بە كەمكردنەوەی كاندیدەكان لەو ناوچانە تاكو دەنگەان بەهەدەر نەڕۆن، ناوبراو ئاشكراشیكرد، ئەو بابەتە كاری لەسەر نەكراوە بەتایبەت لە ناوچە كوردییەكان، كە نزیكەی 30 كاندیدمان هەیە و لەژێر ناونیشانی سەربەخۆ خۆیان كاندید كردووە، هەر لەوێدا نزیكەی بەشی 2 كورسی یان كورسیەك دەنگی كورد بەهەدەر دەچێت، هەرچەندە لە پڕۆسەی سیاسیدا هەموو كەس ئازادە، بەڵام پێشنیارمان كرد لەبەرئەوەی توركمان و عەرەب هەڵوێستێكی شۆڤێنیانەیان هەیە لەبەرانبەرمان بەتایبەت كەسایەتیە سیاسیەكانیان، پێشنیاری ئەوەمان كرد كۆبوونەویەكی لوتكەی حزبە سیاسیەكان و كاندیدە سەربەخۆكان بكرێت و مەترسی دۆخی ناوچە كێشەلەسەركانیان بۆ باس بكرێت بۆ ئەوەی دەنگەكان بەهەدەرنەچێت، تاكو بتوانین چەند كاندیدێك كەم بكەینەوە.