سەردێر

ڕوونكردنەوە لەسەر دابەشكردنی نەوتی ماڵان دەدرێت

سلێمانی ـ نزار جەزا
ساڵانێكی درێژە حكومەتی هەرێم بەڵێنی دابەشكردنی نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتییاندا دەدات، بەڵام ئەم بەڵێنە هەر جێبەجێ نەكرا.

گەنجێك دەڵێت: من منداڵ بووم بیرمە، كە تەنكەری نەوتەكە هاتە كۆڵانەكەمانەوە من پسوڵە و فۆڕمی بەشە خۆراكەكەم بەدەستەوەبوو، پیاوی گەڕەك بەرمیلەكەیان بۆ بردینە ماڵەوە، چونكە نەمئەتوانی، بەڵام ئێستا گەورەبووم دەتوانم بەرمیلە نەوتەكەش بەتەنها بەرمە ژوورەوە، بەڵام حكومەت هەر دەنگی نییە، ناچار ساڵانە بە دەبەی 20 لیتری نەوت دەكڕین.

دیمەن ڕەزا، جێگری سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزە لەئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، بەدواداچوونیان كردووە و پێیانوتوون بۆ ئەمساڵ خەمخۆرییەك هەیە بۆ دابەشكردنی نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتییاندا.

زیاتر ڕوونیكردەوە، ساڵانی پێشوش داوایان كردووە، بەشە نەوتی هاووڵاتییان دابین بكرێت، چونكە ژێرخاكی عێراق و هەرێمیش پڕی نەوتە، ناكرێت لەسەر نەوت بژیت و نەوتت بۆ هاووڵاتییەكانت نەبێت.

ئەوەشی ڕوونكردەوە، ساڵانی پێشوو بەڵێندراوە، ئەمساڵیش بەهەمانشێوە بەڵێندراوە، بەڵام ئایا ئەمساڵ جێبەجێ دەكرێت یان نا، ئەوە كات دەریدەخات.

باسی لەئەوەشكرد، ئەو نەوتەی حكومەتی عێراق دەینێرێت بەشی چارەكێكی سلێمانی ناكات، بۆیە پێویستە هەم حكومەتی هەرێم هەم حكومەتی عێراق خەمێكی زیاتر لەم بابەتە بخۆن.

ئەمە لەكاتێكدایە 30 ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر حكومەتی كوردیدا و چوار ساڵیش بەسەر ڕیفراندۆمدا تێدەپەڕێت، هێشتا هاووڵاتییان گرفتارن بەدەست نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكانی وەك ئاو و كارەبا و سووتەمەنی و خراپی ڕێگاوبان و گەندەڵی و دەیان كێشەی دیكە.