سەردێر

ئایفۆن 13 لەسلێمانی خرایە بازاڕەوە

سلێمانی ـ نزار جەزا

ئەمڕۆ شەممە لەمەڕاسیمێكدا مۆبایلى ئایفۆن 13 لەسلێمانی خرایە بازاڕەوە و نرخەكەشی لە هەزار و 295 دۆلارەوە دەستپێدەكات.

باوەڕ جەمال، بەڕێوەبەری ماركێتینگ ‌و پەیوەندییەكان لە ئەسێ‌ ڕایگەیاند، مەڕاسیمی بەبازاڕكردنی ئایفۆن 13 ئەنجامدەدەن، كە ئەمڕۆ هاوكاتە لەگەڵ بەبازاڕكردنی ئایفۆنەكە لەجیهاندا.

ئاماژەی بەئەوەشدا، ئایفۆن 13 پڕۆ و ئایفۆن 13 پڕۆ ماكس، بەبیرگەكانی 128 گێگابایت و 256 گێگابایت و 512 گێگابایت و یەك تێرابایت بۆ هەواداران دەخەنەڕوو.

باسی لەئەوەشكرد، ئەوەی ئەم ئامێرە جیادەكاتەوە لەئەوانەی پێشتر، بوونی بیرگەی یەك تێرابایت، بەرزكردنەوەی پاترییەكەی بۆ چوار هەزار و 373 میلی ئەمپێر، بەرزكردنەوەی خێرایی پڕۆسێسەرەكەی و gpuی ئامێرەكەیە بۆ a15ی بایۆنیك و 5cori گرافیك.

ئەوەشی خستەڕوو، ڕوونمایی شاشەكە بەرزكراوەتەوە بۆ 120 هێرتز .

ئاماژەی بەئەوەشدا، تایبەتمەندی ستریۆ ساوند و سینەماتیك مۆدی بۆ زیادكراوە، ئەمەش وادەكات وێنە و دەنگێكی سینەمایی بە ئامێرەكان ببەخشێت.

ئەوەشی خستەڕوو، نرخی ئایفۆنەكان لە 1295 دۆلارەوە دەستپێدەكات، بەڵام مینییەكان ئێستا لەكوردستان بەردەست نین، ئەمانەش بێگومان نرخیان هەرزانترە.

وتیشی: “ئەپڵ پێیوابووە مۆدێلی ئایفۆن 12 سەركەوتووبووە، بۆیە ئەمجارە زیاتر گرنگی بە گرافیك و گەیمینگ و فۆتۆگرافەران داوە”.

ئەمە لەكاتێكدایە ساڵانە كۆمپانیای ئەسێ هاوكات لەگەڵ وڵاتانی جیهاندا بەرهەمە نوێیەكانی ئایفۆن دەخاتە بازاڕەوە.