سەردێر

پێزی بەشە ئاردی سلێمانی گۆڕانكاری بەسەردادێت

خەڵك-
بەشە ئاردی مانگانەی هاوڵاتییان بۆ ئەم مانگە و دوو مانگی داهاتوو لەگەنمی سلێمانی دروستدەكرێت، ئەمەش وادەكات كوالێتی ئاردەكە دابەزێت، چونكە دوو مانگی پێشوو بەشە ئاردی مانگانە لەگەنمی كەركوك دروستدەكرا.

نەسرین محەمەد، بەڕێوەبەری دروستكراوی دانەوێڵەی سلێمانی بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، باشی ئارد پەیوەندی بەپێزی گەنمەكەوە هەیە، ئەگەر گەنمەكە باشبێت، ئاردەكەشی جوان دەبێت، بەنموونە لە دوو مانگی ڕابردوودا بەشە ئاردی مانگانەی هاووڵاتییان زۆر باشبوو تەنانەت نانەواكانیش دەیانكڕی، چونكە گەنمەكەی لەكەركوكەوە هاتبوو.

ئاماژەی بەئەوەشدا، ئەم مانگە و دوو مانگیش داهاتوو لەسلێمانی گەنمیان هێناوە و دەیكەن بەئارد، بەڵام كوالێتی ئەم گەنمە وەك ئەوەی كەركوك باش نییە.

باسی لەئەوەشكرد، ئەم گەنمەی سلێمانیش، كە كردوویانە بەئارد نانیان لێ دروستكردووە و كوالێتییەكەی باشە، بەڵام ناگات بەئەوەی كەركوك، چونكە بنەتۆوی ئەوەی كەركوك باشترە.

ئەمە لەكاتێكدایە، بەهۆی گران بوونی ئارد و كەمبوونەوەی كێشی نان و سەموون بەشێك لەهاووڵاتییان لەماڵەوە ئارد دەكەن بەنان و سوود لە بەشە ئاردی مانگانە وەردەگرن.