سەردێر

دوابڕیاری حكومەتی هەرێم بۆ مامۆستایانی وانەبێژ ئاشكراكرا

"داهاتی مانگانەی هەرێم ترلیۆنێك و 250 ملیار دینارە"

خەڵك-
ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەڕلەمانی كوردستان ئاشكرای دەكات، كە حكومەتی هەرێم وەڵامی ئەوە بووە ناتوانێت مامۆستایانی وانەبێژ دابمەزرێنێت و دەشڵێت: “داهاتی مانگێكی هەرێم لە ئێستادا دوای لێدەركردنی خەرجییەكان ترلیۆنێك و 250 ملیار دینارە”.

عومەر گوڵپی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەڕلەمانی كوردستان بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، پاشئەوەی‌ وەڵامدراینەوە، كە بەهۆی‌ خراپی‌ دۆخی‌ داراییەوە حكومەت مامۆستایانی‌ وانەبێژ دانامەزرێنێت، بە نووسراوی‌ ژمارە (٩٤) لە بەرواری‌ (١٢ی‌ ٩ی‌ ٢٠٢١)، ئەم وەڵامەمان ڕەتكردەوە و جەختمان لە بەدواداچوونمانكردەوە لەسەر كێشەی‌ مامۆستایانی‌ وانەبێژ و داوامانكرد حكومەت وەڵامی‌ نوێ ‌و چارەسەری‌ گونجاو بۆ مامۆستایانی‌ وانەبێژ بدۆزێتەوە، بەجۆرێك هاوتابێت لەگەڵ باشبوونی‌ دۆخی‌ دارایی‌ هەرێم ‌و ئەو داهاتەی‌ ئێستە دەگاتە دەست حكومەت.

گوڵپی كۆی داهاتی مانگانەی هەرێمی كوردستان ئاشكرادەكات و دەڵێت: ” ئەو نەوتەی هەرێم دەیفرۆشێت، بەلای‌ كەمەوە ڕۆژانە نەوت بە (٦٥دۆلار) و زیاتر دەفرۆشێت، كە ئەگەر ڕۆژانە تەنها (٤٧٠ هەزار) بەرمیل بفرۆشێت ئەوە داهاتی‌ نەوت لە ڕۆژێكدا بریتیە لە (٣٠ ملیۆن) دۆلار و لە مانگێكدا نزیكەی‌ (٩١٧ ملیۆن دۆلار) كە بە دینار دەكاتە (یەك ترلیۆن ‌و 328 ملیار) دینار، پاش دەركردنی‌ خەرجییەكان، ئەوە نزیكەی‌ (٧٠٠ ملیار) دینار بەتەنها داهاتی مانگانەی‌ نەوتە، بە داهاتەكانی‌ تری‌ گومرگ‌ و باج ‌و ڕسومات‌ و (٢٠٠ ملیار) دیناری‌ بەغداوە ئەوە مانگانە داهاتی‌ هەرێم زیاترە لە (یەك ترلیۆن‌ و 250 ملیار دینار)، لە كاتێكدا كۆی‌ پێویستی‌ بودجە بۆ خەرجییەكانی‌ هەرێم و مووچەی تەواو تەنها یەك ترلیۆن دینارە و مانگانە هەرێمی‌ كوردستان بەلای‌ كەمەوە (٢٠٠ ملیار) دیناری‌ زیاترە لەوەی‌ كە پێویستیەتی‌، ئیتر بۆ پارە نیە و دۆخی دارایی خراپە؟”.

ئەو پەڕلەمانتارە دەپرسێت، ئاخر ئەكرێت مامۆستایەك بتوانێت ئەركەكانی‌ جێبەجێ بكات تۆ مافەكانی‌ بۆ دەستەبەر نەكەیت؟ ئەكرێت مامۆستایەك لە گوندێكی‌ دوورە دەست وانەبڵێتەوە مانگی‌ بە (١٦ هەزار) دینار؟

جەختیشی كردۆتەوە، ئێمە بەردەوام دەبین لە بەدواداچون بۆ ماف ‌و چارەنووسی‌ مامۆستایانی‌ وانەبێژ، كە ژمارەیان زیاترە لە (٢٠ هەزار) مامۆستایە و كۆڵەكەی‌ بەردەوامی‌ خوێندنن لە ژمارەیەكی‌ زۆر قوتابخانە، ڕەخساندنی‌ هەلی‌ كار بۆ گەنجان، بە هەمیشەییكردنی‌ فەرمانبەرانی‌ گرێبەست، دامەزراندنی‌ یەكەمەكانی‌ زانكۆ و پەیمانگا، ئەگەر بمانزانیایە پارە نیە و داهات خراپە بە دڵنیاییەوە نەمانئەنتوانی‌ ئەم داوایانە بكەین‌ و سووربین لەسەر ڕاستكردنەوەی‌ حكومەت ‌و دەسەڵات.