سەردێر

مامۆستایەكی ئایینی: ناكرێت دوای ڕیفراندۆم كورد دەستەوستان بێت

خەڵك-
مامۆستایەكی ئایینی شاری هەولێر ڕایدەگەیەنێت، كە ئەگەر ڕیفراندۆم سەی بگرتایە چاك بوو، بەڵام كە سەری نەگرت و پەنجەكان یەكتریان شكاند، ئیتر خۆ ناكرێت دەستەوستتان دابنیشین.

مامۆستا موسلم مەلا ساڵح فریزی، پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی كەسنەزان لە هەولێر ڕایگەیاند، ئەگەر ڕیفراندۆمەكە سەری گرتبا ئەوە بێگومان كارێكی فرە چاكبوو، كە بێگومان ئەوكات خاوەنیشی زۆر دەبوو.

دەشڵێت: “بەڵام كە سەری نەگرت! بەداخەوە لەبەر خۆخۆری، لەبەرئەوەی پەنجەكان یەكتریان شكاند، ئێ خۆ ناكرێت كورد لێرە دەستەوەسان دانیشێت و لە دوورەوە سەیر بكات و نەزانن لەوێ چ باسە و چ دەگوزەرێت؟ مەیدان لۆ عەرەبە شۆڤێنیەكان چۆل بكرێت و بەكەیفی خۆیان شۆڤێنیەكان تەڕاتێن لەناو پەڕلەمانی بەغدا بكەن و بەهەوەسی خۆیان بڕیار و یاسا لە دوای یاسا لە دژمان دەربكەن”.

ئاماژەی بەوەشكرد، من پێم باشە هەوڵبدەی لەئێستاوە نوێنەری خۆت دەستنیشان بكەی و دەنگی كورد بۆ ئەوێ گرنگە.

جەختیشی كردۆتەوە، بۆ پەڕلەمانی ئێرە بایكۆتی هەڵبژاردنیش بكەیت زۆر ئاساییە، بەڵام بۆ ئەوێ ڕەئیم وایە بایكۆتی هەڵبژاردن نەكرێت، لەبەر دەنگ و قورسایی كورد و كوردستان با هەر بمێنێت.