سەردێر

ئێران فشارەكانی بۆسەر حزبەكانی ڕۆژهەڵات چڕتر كردۆتەوە

خەڵك-

باڵیۆزی ئێران لە عێراق ڕایدەگەیەنێت، داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان و دەوڵەتی ناوەندی عێراق دەكەین هەرچی زووە چارەسەری گرووپە دژە شۆڕشەكان بكەن.

ئیرەج مەسجدی، باڵیۆزی ئێران لە بەغدا بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند، كێشەی گروپە نەیارەكانی وڵاتەكەی چەند جارێك لەگەڵ هەرێم و عێراق باسكراوە و هاوكار نەبوون بۆ چارەسەركردنی.

وتیشی، “ئەو گروپانە لەناو خاكی هەرێمەوە دەچنە ئێران و كردەوەی چەكداری ئەنجام دەدەن و دواتر دەگەڕێنەوە ناوخاكی هەرێم، ئێران ئەمەی پێ قبوڵ ناكرێت.”

ئاشكراشیكرد، ئێران هەرگیز لەگەڵ زیانگەیاندن بە ناوچە سنورییەكان نیە، بەڵام هەموو هەوڵێك دەدات بۆ پاراستنی هاووڵاتیەكانی و جارێكی تر داوا لە حكومەتەكانی هەرێم و ناوەند دەكات ئەو كێشەیە چارەسەربكەن.

ئەمەش لەكاتێكدایە، دوێنێ هەینی وەزیری ئیتڵاعاتی ئێران هۆشداریدایە سەرجەم بنكە و بارەگاكانی ئەمریكا و ئیسرائیل لە هەرێم و ئاشكراشیكرد، پێویستە سەرجەم حزبەكانی ڕۆژهەڵاتیش لەو ناوچەیە دوور بخرێنەوە.