سەردێر

نێچیرڤان بارزانی: نابێت پێكهاتەیەك كۆنتڕۆڵی هەموو عێراق بكات

خەڵك-

سەرۆكی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، دەبێت كوردستان هاوبەشێكی ڕاستەقینە بێت لە دەوڵەتی فیدراڵیدا، بەشدارییەكی ڕاستەقینەی لە دەسەڵاتدا بە هەموو فۆرمەكانیەوە هەبێت، ئەمە گەرەنتی و سەقامگیری و یەكپارچەیی عێراقی نوێیە.

نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە وتارێكیدا لە كۆنفڕانسی (عێراق: قەدەرێكی تراژیدی) ڕایگەیاند، گەلی كوردستان بە هەموو پێكهاتەكانیەوە ئەوە 100 ساڵە زۆریان چەشتووە بەداخەوە دوای سەدەیەكیش هێشتا گەلی كوردستان گیرۆدەی بەدەستهێنانی مافەكانیەتی، وەك چۆن هەمیشە ترسی لە ڕابردوو هەبووە، ئەمڕۆش هێشتا ترسی لە ئێستا و ڕابردوو هەیە.

لەبارەی كێشەكانی عێراقەوە ناوبراو ئاشكرایكرد، كێشەی سەرەكیی لە عێراق “بریتییە لە كێشە لەسەر دەسەڵات، ئەوە كاتێك دەبێتە گرفت كە لایەنێك بیەوێت بۆچوونی خۆی بەسەر هەموو لایەنەكانی دیكە بسەپێنێت، یان بۆ یەكلاكردنەوەی كێشەكان پەنا بۆ بەكارهێنانی هێز یان سزا ببات وەكو ئەوەی هەمیشە لە عێراق ڕوویداوە”.

سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە ئاماژەدان بە سەرهەڵدانی داعش لە عێراق دەڵێت، ئەگەر عێراق سەقامگیر نەبێت، ناوچەكەش سەقامگیر نابێت، ئەگەر هیچ نەگۆڕێت، كێشەكانی عێراق چارەسەر نەكرێت، هەمان هەڵەی سیاسی و پەراوێزخستنی پێكهاتەكان هەمان عەقڵیەتی هێز و خۆسەپاندن و نەخوێندنەوەی بەرامبەر بەردەوام بێت، بە تەئكید سبەینێ داعشێكی دیكە لەدایكدەبێت.

وتیشی”عێراق واتە وڵاتی پێكهاتەكان، هەر لەسەرەتای دامەزراندنیەوە لە سێ ویلایەتی (موسڵ، بەغدا و بەسرە) پێكهاتووە، ئەو سێ ویلایەتە بەپێی هەڵكەوتەی جوگرافیایی و پێكهاتەی كلتووریان لێكجیابوونەتەوە. كورد لە باكوور، سوننە لە ناوەڕاست و شیعە لە باشوور. لەگەڵ ئەمانەشدا چەندین پێكهاتەی دیكەی ئایینی و نەتەوەیی لە عێراقدا هەن.