سەردێر

كۆچبەرێكی دیكە لە سنوورەكانی پۆڵەندا و بیلاڕوسیا گیانی لەدەستدا

خەڵك-

پۆلیسی پاسەوانی سنووری پۆڵەندا ڕایدەگەیەنێت، پێنجەم كۆچبەری عێراقی لە سنوورەكانی نێوان بیلاڕوسیا و پۆلەندا گیانی لەدەستدا.

پۆلیسی پاسەوانی سنووری پۆڵەندی لە هەژماری فەڕمی خۆی لە (تویتەر) بڵاویكردەوە، شەوی ڕابردوو كۆمەڵێك كۆچبەری عێراقی لە سنووری بیلاڕوسەوە دەستبەسەر كران، یەكێك لەوانە پیاوێك بوو، كە سەرباری هەوڵی تیمە تەندروستییەكان، بەڵام گیانی لەدەستدا و پێدەچێت بەهۆی جەڵتەی دڵەوە بووبێت.

ئاشكراشیكرد، كەسێكی دیكەش، كە پشكنینی كۆرۆنای پۆزەتیڤ بووە لە نەخۆشخانە خەوێنراوە.

هەفتەی ڕابردوو تەرمی چوار كۆچبەری عێراقی لە نزیك سنووری بیلاڕوسیا و پۆڵەندا دۆزرانەوە، كە بەهۆی سەرما و شەكەتبوونەوە گیانیان لەدەستدابوو.

ئەمەش لەكاتێكدایە، ئەو كۆچبەرانە تاكو ئێستا چەند جارێك داوایان لە حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان كردووە بەهانایانەوە بچن، چونكە هیچ یەكێك لەو وڵاتانە ناهێڵن بە وڵاتەكەشیاندا تێپەڕببن.

ئاشكراشی دەكەن، بەهۆی بێ نان و بێ ئاوی و بوونی منداڵ و هاوكات نزیكبوونەوی وەرزی سەرما ڕووبەڕووی مەرگ بوونەتەوە.