سەردێر

كازمی، پێشوازی لە كەسێكی بەناحەق ئەشكەنجەدراو كرد

خەڵك-

نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی سەرۆك وەزیرانی عێراق پێشوازی لە عەلی جبوری كرد كە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە پارێزگای بابل بەتۆمەتی كوشتنی هاوسەرەكەی دەستگیركرا و دانی بەكوشتن و سووتاندنی تەرمەكەی نا، بەڵام دواتری دەركەوت دانپێدانانەكەی لەژێر “ئەشكەنجەدا” لێوەرگیراوە و هاوسەرەكەی لەژیاندایە.

نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، مستەفا كازمی پێشوازی لە عەلی جبوری كردوە كە بە “ناڕەوا” بەكوشتنی هاوسەرەكەی تۆمەتباركرابوو لەكاتێكدا هاوسەرەكەی لەژیاندایە، لەكۆبوونەوەكەدا لێكۆڵەرانی دۆسیەكەش ئامادەبوون و ڕوونكردنەوەیانداوە لەبارەی ڕووداوەكە.

ئاشكراشیكرد، سەرۆك وەزیران بڕیاریدا لێكۆڵەرانی دۆسیەكە لەكارەكانیان سڕ بكرێن و لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا بكرێت، هەروەها لەكاركردن ڕادەگیرێن تا دەسەڵاتی دادوەری بڕیار لەبارەیانەوە دەدات.

ڕوونیشیكردەوە، سەرۆك وەزیران داواشی لە عەلی جبوری كردووە سكاڵا تۆمار بكات و داوای گەڕاندنەوەی مافەكانی بكات، بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەك بۆ چاودێری گەڕاندنەوەی مافەكانی پێكدەهێنرێت.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی بابل دانپێدانانی پیاوێكی بڵاوكردەوە كە باسی لەوەكردووە، خێزانەكەی كوشتوە و جەستەی سووتاندوە، بەڵام دواتر دەردەكەوێت خێزانەكەی لەژیاندایە ئەوەش كاردانەوەی شەقامی عێراقی لێكەوتوەتەوە.