سەردێر

دەشتی سدیق: هاووڵاتیان متمانەیان بە هەڵبژاردن نەماوە

خەڵك-ئارام سەردار

شارەزایەكی هەڵبژاردنەكان و ڕاهێنەری نێودەوڵەتی ڕایدەگەیەنێت، ئەم ماوەیەی بۆ پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن دانراوە پڕۆسەكە تائێستا ساردوسڕی پێوەدیارە.

دەشتی سدیق شارەزا لەپڕۆسەی هەڵبژاردنەكان و ڕاهێنەری نێودەوڵەتی لەچاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ (خەڵك) ڕایدەگەیەنێت، ئەگەر لە ٤٠٪ی هاوڵاتیانی عیراق بەشدار بكەن لەهەڵبژاردن دەست كەوتە بۆ عیراق و پڕۆسەی دیموكراسی.

خەڵك: بەڕێوەچوونی بانگەشەی هەڵبژاردن بەراورد بە هەڵبژاردنەكانی پێشوو گۆڕانی بەسەرداهاتووە؟
دەشتی سدیق: وەكو تیمەكانی نێودەوڵەتی و ناوخۆی چاودێری هەڵبژاردنین ڕێكخراوەكەی ئێمە ئەندامە و شارەزایە لەم بوارەدا، ئێستاش لەپڕۆسەی هۆشیاركردنەوەی تاكەكانی كۆمەڵگەین بۆ ئەوەی بەشداری لەهەڵبژاردن بكەن، هەم لەچوارچێوەی تۆڕی ڕۆژ بۆ چاودێری هەڵبژاردنەكان، هەم وەك تیمی نێودەوڵەتی، ئەم ماوەیەی بۆ پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن دانراوە پڕۆسەكە تائێستا ساردوسڕی پێوەدیارە.

خەڵك: هۆكار چیە؟
دەشتی سدیق: چەند هۆكارێكی هەیە، لەوانە بارودۆخی كۆمەڵایەتی و ئابووری ناوچەكە، ڕازیبوون و ناڕازیبوونی دەنگدەری كوردستان و عیراقیش هەیە، لەهەمان كاتدا هاوڵاتیان توانای گوێ لێ ڕاگرتنی بەڵێنیشیان نییە، چونكە پێشریش ئەو بەڵێنانە دراون، حزب و لایەنە سیاسییەكانیش هەموو توانای خۆیان بەكاردێنن لەسەر ڕێكخستنەكانیان، چونكە دەزانن هەڵبژاردن لەسەر بنەمای بازنە بازنەیە، لەبەر ئەوەی دەزانن چەند دەنگیان هەیە لەم سنورانە، هەوڵی بەشداری زیاتری خەڵكیش دەدەن، بەڵام پێم وایە دوو هەفتەی كۆتایی پڕۆسەی بانگەشە گەرم وگوڕتر بێت چونكە نزیك دەبینەوە لە دەنگدان.

خەڵك: پێتان وایە لایەنەكان تاچەندە پابەندی ڕێنماییەكان بوون لەكاتی بانگەشە؟
دەشتی سدیق: تائێستا لایەنەكانی بەشدار لەهەڵبژاردن بەگشتی پابەندن، هەرچەندە لەچەند ناوچەیەكی عیراق و ناوچەدابڕاوەكان حاڵەتی سەرپێچی هەیە و دەستكاری پۆستەری لایەنەكان دەكرێ، بەڵام لەچاو هەڵبژاردنەكانی تر باشترە، لەبەر ئەوەی بانگەشە بەشێوەیەكی سست و كز بەڕێوەدەچێ، ئەمەش ڕەنگە لەگەڵ نزیك بوونەوە لەكاتێ دەنگدان ئەم حاڵەتانەش زیاتر بن.

خەڵك: دەوترێت زۆری بازنەكان بواری ساختەكاری كەم دەكاتەوە؟
دەشتی سدیق: لەبەهێزترین وڵاتی جیهان كە ئەمریكا بوو دەنگۆی ساختەكاری لەهەڵبژاردنەكان بڵاوبۆوە، چونكە پڕۆسەی ساختەكاری و پێشێلكاری لەپڕۆسەیەك هەر ڕوودەدات، بەڵام تاچەندە ڕێژەكە زۆرە یان كەم ئەوە گرنگە، ئومێدەوارین ئەمجارە پێشێلكاریەكان كەمتر ببنەوە تاوەكو كاریكەری لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن نەكات، بتوانرێت بەشەفافی پڕۆسەكە بەڕێوەببرێت، كۆمسیۆن و UN و ئێمەش كارمان كردووە تاوەكو پێشێلكاریەكان لەسەرپڕۆسەی دیموكراسی كەم ببێتەوە و هەر نەبێت.

خەڵك: تاچەند هاوڵاتیان متمانەیان بەهەڵبژاردن ماوە بۆ گۆڕانكاری؟
دەشتی سدیق: زۆرنا، ئەگەر لە ٤٠٪ی هاوڵاتیانی عیراق بەشدار بكەن لەهەڵبژاردن دەست كەوتە بۆعیراق و پڕۆسەی دیموكراسی.

خەڵك: چی بكرێت بۆ گەڕانەوەی متمانە، ئێوە وەك چاودێری هەڵبژادن چی دەكەن تاوەكو هاوڵاتان بەشداری دەنگدان بكەن؟
دەشتی سدیق: سێ مانگی ڕابردوو بەخەڵكمان وتووە بەشداری پڕۆسەی دەنگدان بكەن، دەنگ دەدەی یان نا یاخود دەنگ بەكێ دەدەی ئەوە ئازادی، بەڵام بایكۆت مەكە چونكە چارەسەری هیچ ناكات، ئومێد دەكەین هاوڵاتیان بەباشی بەشداری بكەن، چونكە گرنگە بۆ گۆڕانكاری.