سەردێر

“پارتە دەسەڵاتدارەكانی هەرێم بەرپرسیارن بەرامبەر جوڵانەوەی كورد لە ئێران”

خەڵك-

لە بەرامبەر هێرشەكانی ئەمدواییەی كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر ناوچە سنووریـیەكانی هەرێمی كوردستان دژ بە حزبەكانی ڕۆژهەلاتی كوردستان، عومەر باڵەكی، نوێنەری حیزبی دێموكراتی كوردستان لە ناوەندی هاوكاری پارتە سیاسیـیەكانی كوردستانی ئێران بە دەنگی ئەمریكای ڕاگەیاند، پارتە دەسەڵاتدارەكانی هەرێمی كوردستان بەشێك لە بەرپرسیارێتی هەڵدەگرن بەرامبەر بە جوڵانەوەی كورد لە ئێران.

وتیشی”ئێمە نە چاوەڕوانیمان هەیە، نە دروستیشە و نەدەشكرێت كە هەرێمی كوردستان دەستبداتە تفەنگ و ڕەشاش بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی پاسداری نیزامی كۆماری ئیسلامی ڕابوەستێت”.

ئاشكراشیكرد، هەرێمی كوردستان دەتوانێت سوود وەربگرێت لە ئامرازە دیپلۆماسی و سیاسی و پەیوەندیـیە نێودەوڵەتیەكانی بۆ ئەوەی ڕێگاچارەیەكی وەها ببینێتەوە كە بە قازانج و بەرژەوەندی جوڵانەوەی كورد بشكێتەوە، بەبێ ئەوەی خۆی زیانێكی وای تووشبێت بەدەستی دەوڵەتانی دراوسێ.

لای خۆشییەوە نازم دەباغ نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە تاران بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند، حكومەتی هەرێم لە هەوڵی دۆزینەوەی ڕێگەچارەی دیپلۆماسیدایە بۆ چارەسەركردنی گرژیـیەكان و دووپاتی كردەوە كە نابێت خاكی هەرێمی كوردستان بەكاربهێندرێت بۆ هێرشكردنە سەر وڵاتانی دراوسێ.

وتیشی”دەبێت هێزە سیاسیەكانی ڕۆژهەڵات لە هەرێمی كوردستان پابەندی ئەو بەڵێن و ڕێكەوتنانە بن كە لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان هەیانە بەوەی كە ڕێگا نەدەن هێزەكانیان، یان كەسانی لابەلا، پەلاماری كۆماری ئیسلامی ئێرانی بدەن”.

ئاشكراشیكرد، مێژووی ڕێككەوتنەكان دەگەڕێتەوە بۆ پێش دروستبوونی هەرێمی كوردستان و لە چوارچێوەیاندا حیزبە ئۆپۆزسیۆنەكانی كوردی ئێران دەتوانن چالاكی كۆمەڵایەتی و سیاسی ئەنجام بدەن لە هەرێمی كوردستان.

هاوكات، عومەر باڵەكی ڕایگەیاند، ئەو زانیاری نییە لەسەر بوونی هیچ نووسراوێكی فەرمی لەسەر ئەو بابەتە، بەڵام ئەگەری بوونی ڕێككەوتنێكی وەها ڕەتناكاتەوە.

ڕاشیگەیاند، بەپێی ویستێكی سیاسی حزبە دەستەڵاتدارەكانی هەرێمی كوردستان ئێمە بنكە و بارەگاكانمان لە قەندیل گواستووەتەوە و هاتووین بۆ ناوچەی كۆیە و بەشێكی ترمان لە ناوچەی سلێمانی جێگیربووین. واتا، ڕاستیەكەی، لەسەر داوای ئەوان بووە ئێمە ئەو ناوچە سنووریانەمان چوڵكردووە و هاتووینە خوارێ، وە ئێستاش گەر بڕیار بێت ئاڵوگۆڕێك لە ناوچەی جوگرافی ئێمە بێتەگۆڕێ، دەبێت بە دانیشتن و دیالۆگ بێت لەگەڵ ئەو لایەنانە.

بەرپرسانی ئێران لە چەند هەفتەی ڕابردوو چەندینجار هۆشداریـیان داوە بە حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی عێراق بەوەی كە هێرشەكان بەردەوام و فراوانتر دەبن لە ئەگەری بەردەوامبوونی چالاكی هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی كوردستانی ئێران.

عومەر باڵەكی كۆماری ئیسلامی بەوە تۆمەتبار كرد كە لە ڕێگەی هێرشەكانیەوە دەیەوێت هەژموونی خۆی بسەپێنێت بەسەر هێزە دەسەڵاتدارەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق لە كاتێكدا كە ئەوان سەرقاڵن بە بانگەشە بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە كە بڕیارە لە مانگی داهاتوو ئەنجام بدرێت.ئەو كۆماری ئیسلامی ئێرانی تۆمەتباركرد بە “دروستكردنی قەیران لە دەرەوە بۆ ئەوەی قەیرانە نێوخۆییەكانی پێداپۆشێت.

ئاشكراشیكرد، هێزەكانی حدك دوورن لە سنووری هەرێمی كوردستان و ئێران و هیچ چالاكیەكی سەربازیان نییە لەو ناوچانە. ئەو داوای لە هێزەكانی پاسدارانی ئێران كرد “با یەك دەلیل، یەك بەڵگە، بێنێتەوە كە بڵێت هێزەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە یەك مۆڵگە یا ڕەبایە چالاكی سەربازیـیان ئەنجامداوە… بەڵام شتی وا نییە.