سەردێر

كۆمسیۆنی عێراق؛ لە هەڵبژاردنەكاندا ڕێگا بە هیچ پێشێلكارییەك نادرێت

خەڵك
سەرۆكی ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عیراق ڕایدەگەیەنێت ، لەهەڵبژاردنەكاندا ڕێگا بەهیچ پێشێلكارییەك نادرێت، دەشڵێت،”بۆ ئەو مەبەستە لیژنەی ئەمنی تەواوی ئامادەسازییەكانی كردووە”.

جەلیل عەدنان خەڵەف، سەرۆكی ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عیراق لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە، هەڵبژاردن ئەركێكە لەسەرشانیان و پێویستە پارێزگاری لە دەنگەكان بكرێت، هەرچەندە لە سەرەتای وەرگرتنی ئەنجومەنەكە تا ئێستا ڕووبەڕووی چەندین فشاری ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بووەتەوە.

ڕاشیگەیاندووە، سەرجەم ئامادەكارییە لۆجستییەكان بەشێوەیەكی دروست تەواوبوون، كۆمسیۆن پابەندە بەوەی لەماوەی 24 كاتژمێردا ئەنجامی هەڵبژاردنەكان ڕابگەیەنێت و دوێنێش بۆ ئەو مەبەستە تێستیان بۆ بنكەكانی دەنگدان كردووە.

ئاشكراشیكردووە، كە گرنگییان بە نووسینگەی كۆمسیۆن لە كەركووك داوە و ئەندامێكی ئەنجومەنەكەیان و نوێنەرانی نەتەوە یەكگرتووەكان سەرپەرشتیی هەڵبژاردنی ئەو شارە دەكەن و لە سەرجەم بنكەكانی دەنگدانیش كارمەندی ڕاهێنراویان داناوە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ كەسانی نەخوێندەوار.