سەردێر

بنزیما چووە ڕیزی ئەفسانەكانی خولی ئیسپانیا

ژمارەكەی ڕۆناڵدۆی شكاند

خەڵك-
كەریم بنزیما، ئەستێرەی فەرەنسی و گۆڵكاری یانەی ڕیاڵ مەدریدی ئیسپانی، چووە ڕیزی ئەفسانەكانی خولی ئیسپانی “لالیگا”، دوای ئەوەی گەیشتە گۆڵی ژمارە 200 لەگەڵ یانەی شاهانە.

كەریم بنزیما، بووە دەیەمین یاریزان لە پاڵەوانێتی خولی ئیسپانیا كە گەیشتوونەتە گۆڵی 200 لە مێژووی پاڵەوانێتییەكە، ئەمەش بەپێی تۆڕی “ئۆبتا” بۆ ئامارەكان.

نەك هەر ئەمە، بەڵكو بنزیما توانی بەسەر دوو ژمارەی مێژوویی دوو ئەفسانەی پێشووی لالیگا زاڵ ببێت كە بریتین لە كریستیانۆ ڕۆناڵد و لێۆنێل مێسی، دوای ئەوەی هاوبەشی كرد لە دروستكردنی 15 گۆڵ لە لالیگا لە پاش تێپەڕینی 6 گەڕ لە دەستپێكردنی پاڵەوانێتی خولی ئیسپانیا.

لە دوایین یاریی لەگەڵ ڕیاڵ مایۆركا كە ڕیاڵ مەدرید بە ئەنجامی 6 گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێك یارییەكەی بردەوە، بنزیما توانی دوو گۆڵ تۆماربكات و ماركۆ ئەسینسیۆی هاوڕێشی سێ‌ گۆڵ تۆماربكات.

بەو دوو گۆڵە بنزیما گۆڵەكانی گەیاندە 8 گۆڵ، لەگەڵ ئەمەشدا 7 گۆڵی تری دروستكردووە لەو 15 گۆڵەی كە لە یەكەم 6 گەڕی یەكەمی خولی ئیسپانیا لەلایەن ڕیاڵ مەدریدەوە تۆماركراون، ئەمەش لەلایەن “ئۆبتا”وە ئاماژەی پێكراوە.

ڕۆناڵدۆ یەكەم یاریزان بوو لە خولی ئیسپانیا لە سەدەی بیست و یەك كە بەشداریی لە 14 گۆڵدا كرد لە گەڕەكانی یەكەمی پاڵەوانێتییەكە و توانیبووی 13 گۆڵ تۆماربكات و گۆڵێكیش دروستبكات، ئەمەش لە وەرزی 2014- 2015، بەڵام بنزیما توانی ئەو ژمارەیەی ڕۆناڵدۆ بشكێنێت لەڕێی ئەو دوو گۆڵەی تۆماریی كرد لە یارییەكەیان لەگەڵ ڕیاڵ مایۆركا.