سەردێر

لایەنێكی سیاسی لە هەرێمی كوردستان داوا لەهاووڵاتیان دەكات بایكۆتی هەڵبژاردن بكەن

خەڵك
ئەنجومەنی شورای بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان ڕایدەگەیەنێت ، خەڵكی كوردستان با بایكۆتی هەڵبژاردن بكەن، بەڵام لە كەركوك بەشداری كارا بكەن و دەنگ بە كاندیدەكەی ئەوان بدەن.

ئەنجومەنی شورای بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان دوای كۆبونەوەی خۆی راگەیەندراوێكی لەبارەی هەڵبژاردنەكانی مانگی داهاتوو بڵاوكردەوە و ڕایگەیاندووە، پێویستە هاووڵاتیانی كوردستان هەڵوێستێكی مێژوویی تۆمار بكەن بە سزادانی بازرگانانی سیاسی، كە ساڵەهای ساڵە وەك بزنس سەیری پرۆسەی هەڵبژاردن و سیاسەتكردن دەكەن.

ئاماژە بۆ ئەوەشكراوە، كە لەماوەی ڕابردوودا هەوڵێكی زۆرماندا ئیسلامخوازانی كوردستان لە لیستێكدا كۆبكەینەوە بەڵام لەباربرا.

دواشدەكات ، خەڵكی كوردستان با بایكۆتی هەڵبژاردن بكەن، دەنگی ناڕەزایەتی خۆیان بەرزبكەنەوە و بڵێن نەخێر بۆ بەردەوامی زوڵم و ستەم و مانەوەی ئەوانەی كە چەندەها ساڵە یاری بە ژیان و موقەدەرات و سامانی وڵاتیان بە تاڵان بردووە.

دەقی بەلاغی كۆتایی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی شورای بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان:

بەناوی خوای بەخشندە و میهرەبان

ئەمڕۆ پێنج شەممە 23/9/2021 بەرامبەر بە 16/صفر/1443 كۆچی ئەنجومەنی شورای بزووتنەوەی ئیسلامی بەسەرپەرشتی بەڕێز ڕابەری گشتی بزووتۆەوەی ئیسلامیی كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا، ئەم كۆبوونەوەیە لە كاتێكدایە كە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەدەچێت، ئەنجوومەنی شورای بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان دوای تاوتوێكردنی هەموو ئەگەرەكان بە ڕاشكاوی و بێ پەردەو پێچ و پەنا دووپاتی بڕیاری بایكۆت لە پرۆسەی هەڵبژاردن دەكاتەوە و داوا دەكات لە ئەندامان و كادر و لایەنگران و دوست و هەوادار و هاوڵاتیانی خەڵكی كوردستان كە بایكۆتی ئەو هەڵبژاردنە بكەن و دەنگی ناڕەزایەتی خۆیان بەرزبكەنەوە و بڵێن نەخێر بۆ بەردەوامی زوڵم و ستەم و مانەوەی ئەوانەی كە چەندەها ساڵە یاری بە ژیان و موقەدەرات و سامانی وڵاتیان بە تاڵان بردووە.

ئەنجوومەنی شورای بزووتنەوە پێی وایە لە ماوەی ڕابردوودا ئەوە دەركەوتووە بۆ هەموو هاوڵاتیانی كوردستان كە ئەوانەی نوێنەرایەتی كوردیان كردووە لە بەغدا ئەوەندەی نوێنەرایەتی حزبەكانیان كردووە و لە بەرژەوەندی خۆیان كاریانكردووە نەیانتوانیوە لە بەرژەوەندی هاوڵاتیانی بەش مەینەتی كوردستان كار بكەن ،بۆیە پێمان وایە پێویستە هاوڵاتیانی كوردستان هەڵوێستێكی مێژوویی تۆمار بكەن بە سزادانی بازرگانانی سیاسی كە ساڵەهای ساڵە وەك بزنس سەیری پرۆسەی هەڵبژاردن و سیاسەتكردن دەكەن نەك خزمەتكردنی خەڵكی هەژار و فەراهەمكردنی ژیانێكی شایستەو شیاو بۆهاوڵاتیان، ناشمانەوێت دەنگدانی ئێمە ببێتە هۆی دووبارە شەرعییەت دانەوە بەو دەسەڵاتە پاوانخوازە، ئەو هەڵوێستەشمان هاوسۆزی و پشتیوانییە بۆ خەڵكی ناڕازی لە هەرێمی كوردستان و عێراق كە متمانەیان بە سیستەمی ئێستای هەڵبژاردن و پرۆسەی سیاسی نەماوە بە هۆی ئەو هەموو تە زویر و ساختەكاریەی كە پرۆسەكەی لەكەداركردووە.

خەڵكی كوردستان شاهیدن كە بزووتنەوەی ئیسلامی هەوڵێكی زۆریدا كە ئیسلام خوازانی كوردستان یەكبخات و ووزە و تواناكانیان لە هاوپەیمانی و لیستێكدا كۆ بكاتەوە، بەڵام بەداخەوە ئەو ئامانجە گەورە لە باربرا، بۆیە ئەگەری ئەوە هەیە كە زیانێكی گەورەیان بەربكەوێت لەم هەڵبژاردنە.

لێرەوە بۆ ڕای گشتی دەێین: كە بەداخەوە بەبێ ویست و ئیرادەی خەڵكی ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان دۆخێكی نەخوازراو لەو ناوچانە هەیە بۆ پەراوێزخستنی ڕێژەی كوردو سڕینەوەی مێژوو و شوناسی نەتەوایەتی كورد، بۆیە وەك دڵسۆزی پەرۆشیمان بۆ پارێزگاریكردن لە دەنگی كورد لەو ناوچانەدا داوا لە هاوڵاتیان دەكەین بەشداری كارا بكەن لە پرۆسەی دەنگدان و سەرخستنی دەنگی مافی ڕەوای كورد و دەنگبدەن بە تاقە كاندیدی ئیسلامی لە شاری كەركووك بازنەی 2 ژمارە 54 بەڕێز (حەسەن شێخانی) مامۆستای زانكۆ و كاندیدی بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان.