سەردێر

کێ نوێنەری دۆمینیکایە لەهەرێمی کوردستان؟

كۆمپانیاكان لەسەر نوێنەرایەتی دۆمینیكا شەڕیانە

خەڵک – نزار جەزا

ماوەیەکە بازاڕی پاسپۆڕتی دۆمینیکا لەهەرێمی کوردستان گەرمە و ژمارەیەک کۆمپانیای بواری گەشتیاری هەن، کە ڕکابەری یەکتر دەکەن، بەجۆرێک هەندێکیان دەڵێن هیچ نوێنەرێکی فەرمی حکومەتی دۆمینیکا لەعێراق نییە و کۆمپانیایەکی دیکەش هەیە، لەبەرامبەریاندا دەڵێت: (من نوێنەری سەرەکیم)، ئەمەش بووەتە جێباسی نێو هاوڵاتییان و نازانن چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم کۆمپانیایانە بکەن، لەم ڕاپۆرتەدا ڕوونیدەکەینەوە، ئایا نوێنەری فەرمی حکومەتی دۆمینیکا لەعێراق و هەرێمی کوردستان هەیە یان نا.

بەپێی بەدواداچوونەکانی (خەڵک) لەنێو ماڵپەڕێکی فەرمی حکومەتی دۆمینیکادا بە دوو لیست ناوی کۆمپانیاکان خراونەتەڕوو، کە یەکەمیان (Authorised Agents)ە و ناوی ٣٥ کۆمپانیای تێدا هاتووە، ئەمانە نوێنەری سەرەکین، یارمەتی و ئامۆژگاری پێشکەشدەکەن لەگەڵ ئامادەکردن و پێشکەشکردنی داواکاری بۆ بەدەستهێنانی ڕەگەزنامە و پاسپۆڕتی دۆمینیکا.

دووەم لیست (Promoters)ە و ناوی ١٩ کۆمپانیای تێدا هاتووە، ئەمانە کاریان ڕیکلام و بانگەشەیە بۆ بەدەستهێنانی پاسپۆڕت و ڕەگەزنامەی دۆمینیکا، کە لەلایەن کۆمپانیاکانی لیستی یەکەمەوە دەسەڵاتیان پێدەدرێت، هەروەها ئەرکیانە یارمەتی بێبەرامبەر لەهەر گۆشەیەکی زەوی پێشکەش بە داواکاران بدەن و فۆڕمەکانیان بۆ پڕبکەنەوە و داواکارەکان فێربکەن چۆن پاڵپشتی بۆ بەڵگەنامەکانیان بکەن، هاوکات بەردەوام پەیوەندییان لەگەڵ ئەوکۆمپانیایەی لیستی یەکەم هەیە، کە دەسەڵاتی لێوە وەرگرتووە.

هەر بەپێی بەدواداچوونەکانی (خەڵک) لەنێو لیستی یەکەمدا هیچ کۆمپانیایەکی کوردی و عێراقی بوونی نییە، ئەوەی هەیە لەلیستی دووەمدا ناوی (ئاڵت گروپ) هەیە، کە کۆمپانیایەکی کوردییە و بانگەشەی ئەوە دەکات، کە(ئاڵت گرووپ تاكە نوێنەری حكومەتی دۆمینیكایە بۆ ئەنجامدانی مامەڵەی پاسپۆرتی دووەم لە سەرانسەری عێراق و هەرێمی كوردستان و تەنها كارەكانی ئێمە بە فەرمی دانی پێدا دەنرێت).

کۆمپانیای موونلاین کە کۆمپانیایەکی گەشتیارییە باس لەئەوەدەکات، هیچ نوێنەرێکی فەرمی حکومەتی وڵاتی دۆمینیکالە عێراقدا بۆڕەگەزنامە و پاسپۆرتی دووەم بوونی نییەو ناوی ئەو کۆمپانیایانەی لە وێبسایتی فەرمی ئەو وڵاتانەشدا هەیەتەنها مۆڵەتی بانگەشەکردن و ڕیکلامە، کە لەلایەن کۆمپانیایەکیڕێگەپێدراوەوەلەدەرەوەی عێراق وەریانگرتوە.

کۆمپانیای دینا سکای، هەر لەوبارەیەوە دەڵێت: ھیچ کۆمپانیایەک بریکاری دۆمینیکا لە عێراق نییە، ئەوەی بانگەشەی بریکار دەکات دورە لە ڕاستییەوە، ئەو نوسینگانەی بانگەشەی ئەوە دەکەن، کە بریکارن تەنھا بۆیان ھەیەڕیکلام بۆ ئەو کۆمپانیایانە بکەن، کە ڕێگەپێدراون بۆ پاسپۆڕت واتە تەنھا نوسینگەی لاوەکین.

بۆ گفتوگۆ و وەرگرتنی زانیاری زیاتر گفتوگۆیەکمان لەگەڵ هێژا بەرزنجی ڕاوێژکار لەئاڵت گروپ ئەنجامدا ئەو ڕایگەیاند، ژمارەیەک نوێنەری سەرەکی حکومەتی دۆمینیکا هەن، ئەم نوێنەرایەتییانە دراون بەئەو وڵاتانەی کە زۆرترین پاسپۆرت و ڕەگەزنامەی دۆمینیکایان لێ دراوە، هەرێمی کوردستان و عێراقیش لەم ساڵانەی پێشوودا بوو بەیەکێک لەو وڵاتانەی مامەڵەی ڕێژەیەکی زۆر لەپاسپۆرت و ڕەگەزنامەی لێ کراوە.

ئاماژەی بەئەوەشدا، ئێستا پلەی ئاڵت گروپ لەماڵپەڕی فەرمی حکومەتی دۆمینیکادا (Promoters)ە لەسەر ئاستی هەموو عێراق نوێنەرایەتی حکومەتی دۆیمینکا دەکات، هاوکات لەئێستاشدا هەنگاو بۆئەوەدەنێن ببنە (Authorised Agents)و بەڵێندراوە ئەو پلەیە وەربگرن، پێدەچێت لەسەرەتای ساڵی نوێی ٢٠٢٢دا ئەو پلەیەیان پێ بدرێت.

باسی لەئەوەشکرد، پێشتر لەگەڵ بریکارە سەرەکییەکان کاریان دەکرد، بەڵام ئێستا ڕاستەوخۆ لەگەڵ حکومەتی دۆمینیکا کاردەکەن، بۆیە وەک نوینەری سەرەکی لەعێراق خۆیان دەناسێنن.

بۆ زانیاری زیاتر پەیوەندیمان بە چەند بەرپرسێکی حکومی لەسلێمانی و هەولێریش کرد، بەڵام ئەوان دووپاتی ئەوەیان کردەوە، ئەم کۆمپانیایانەی لەهەرێم تۆمارکراون، وەک کۆمپانیای گەشتیاری ناسێندراون و نەچوونەتە ناو وردەکارییەوە.

لەهەرێمی کوردستان کۆمپانیا جیاوازەکان بەنرخی جیاواز مامەمەڵەی پاسپۆرتی دۆمینیکا بۆ هاوڵاتییان دەکەن، کە هەندێکیان فێڵکردنە و باوەڕپێکراونین، بەنموونە لەماوەی ڕابردوودا ژمارەیەک گەشتیاری کورد لەفڕۆکەخانەیەکی بەریتانیا بەپاسپۆڕتی دۆمینیکاوە دەستبەسەرکرابوون، بەڵام هەندێکی دیکە لەو کۆمپانیایانە نوێنەری فەرمی نین و ناویان لە لیستی حکومەتی دۆمینیکادا نییە، بەڵام مامەڵەیان لەگەڵ نوێنەرەکان هەیە و متمانەپێکراون.

ئەمە لەکاتێکدایە دەیان کۆمپانیا لەهەرێمی کوردستان هەن، کە بانگەشەی دروستکردنی پاسپۆرت و ڕەگەزنامەی دۆمینیکا بەنرخی زۆر جیاواز دەکەن، بەڵام تاکو ئێستا حکومەتی هەرێم ناسنامەی ئەم کۆمپانیایانەی ساغنەکردووەتەوە، کە بە چ ناونیشانێک کاربکەن.

کلیک لێرە بکە بۆ وەرگرتنی زانیاری لەسەر چۆنیەتی بەدەستهێنانی پاسپۆڕت و ڕەگەزنامەی دۆمینیکا

بەم هەنگاوانە دەبیتە هاوڵاتیی دۆمینیکا: