سەردێر

هەولێر.. هاووڵاتییان كارتی زیرەكی ڤاكسین وەردەگرن

تووشبوون بە كۆرۆنا كەمیكردووە، لە سنووری پارێزگای هەولێر ٢١٣ هەزار كەس ڤاكسینیان وەرگرتووە

خەڵك-ئارام سەردار

لە پارێزگای هەولێر دووبنكە كراوەتەوە بۆ ئەوەی ئەو هاووڵاتیانەی هەردوو ژەمی ڤاكسینیان وەرگرتووە، ببنە خاوەنی كارتی زیرەكی ڤاكسین.


لەو بارەیەوە دلۆڤان محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، تاوەكو ئێستا ٩٢ هەزار و ٧٠٠ كەس لە سنووری پاێزگای هەولێر تووشی كۆرۆنا بوونە و بەو هۆیەشەوە ١٥٠٠ كەس مردوون، بەڵام بەهۆی پابەندبوونی هاوڵاتیان بە ڕێكاری خۆپارێزی و بەكارهێنانی ڤاكسین ئێستا ژمارەی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەولێر كەمی كردووە، لەنەخۆشخانەكانیش شوێنی حەوانەوە و خەواندن بۆ تووشبووانی كۆڕۆنا هەن.

دەشڵێت، ڕۆژانە ژمارەی ئەوكەسانەی ڤاكسین داوا دەكەن زیاتر دەبێت و ڕێژەیەكی بەرچاوی هاووڵاتیانیش ڤاكسینی دژە كۆڕۆنایان وەرگرتووە، تەنها لە سنووری پارێزگای هەولێر ٢١٣ هەزار كەس ڤاكسینیان وەرگرتووە لەوانەش ١١٨ هەزار ژەمی یەكەمیان وەرگرتووە و ٩٥ هەزار كەسیش هەردوو ژەمیان وەرگرتووە.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەوكەسانەی دەیانەوێت بۆ سەفەركردن كارتی زیرەكیان هەبێت كە باركۆدی لەسەرە و باوەڕپێكراوە، دەتوانن داواكاری پێشكەش بەو بنكانە بكەن كە ڤاكسینیان لێ وەرگرتوە، لەهەولێر بنكەیەك و لەسۆران بنكەیەكیان كردۆتەوە، لەماوەی یەك هەفتە دوای پێشكەشكردنی داواكاریەكە كارتەكەی بۆ دەگەڕێتەوە، بەڵام دەبێت هەردوو ژەمیان وەرگرتبێت، نرخی وەرگرتنی كارتەكانیش (٥) هەزار دینارە و لەلایەن كارمەندانی حكومییەوە پڕۆسەكە ئەنجام دەدرێت، داواكاریەكەش پێویستی بەپاسەپۆرت و كارتی وەرگرتنی ڤاكسین هەیە بەمەرجێك ناویان لەسیستەم بێت.