سەردێر

لەبەردەم پەروەردەی سلێمانی خۆپیشاندان دەستیپێکرد

 

سلێمانی – نزار جەزا

 

ژمارەیەک مامۆستای کەمپی باریکە لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی گردبوونەوە و داوادەکەن چارەنووسیان دیاریبکرێت.

 

ئەو مامۆستایانە، کە ژمارەیان ٥٤ کەسە، ماوەى هەشت ساڵ لەکەمپی باریکە وەک مامۆستا وانەیان وتووەتەوە و موچەیان لەلایەن ڕێکخراوە جیهانییەکانەوە دابینکراوە.

 

پاشئەوەی ڕێکخراوەکان لەساڵی ٢٠١٩دا هاوکارییەکانیان ڕاگرت، حکومەتى هەرێم ئەم مامۆستایانەى لەخۆنەگرت، بەڵکو لەوکاتەوە بۆی ڕووننەکردوونەتەوە وەک مامۆستای وانەبێژ یان گرێبەست یان هەمیشەیی مامەڵەیان لەگەڵ دەکات.

 

نوێنەری ئەو مامۆستایانە بۆ (خەڵک)ی ڕوونکردەوە، ئەم دوو ساڵەى ڕابردوو هاوشێوەی مامۆستایانی وانەبێژ چوار موچەی ٢٥٠ هەزار دينارییان وەرگرتووە، بەڵام بۆ ئەمساڵ وەک خۆبەخش مامەڵەیان لەگەڵ کراوە.

 

ئەوەشی وت: تاکو ئێستا نازانین حکومەت چۆن مامەڵە لەگەڵ ئێمە دەکات، بۆیە هاتووینەتە بەردەم بەڕیوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی و داوادەکەین بۆمان ڕوونبکەنەوە، ئێمە چۆن دەوام بکەین، چونکە قبوڵیناکەین، هەشت ساڵ مامۆستابین و ئێستا پێمانبڵێن خۆبەخش.