سەردێر

ئەفغانستان دەبێتەوە مۆڵگەی تێرۆر

لە ئەفغانستانەوە هەڕەشەی ئەمنی لە سەر ئەمریكا و خۆرئاوا درووست دەبێت

خەڵك

دوای كشانەوەی هێزە ئەمریكاییەكان لە ئەفغانستان لە مانگی رابردوودا هۆشداری درا لەسەرهەڵدانەوەی تێرۆر لە ئەفغانستان و دروستكردنی مەترسیی بۆ سەر خۆرئاوا و ئەمریكا لەلایەن گرووپە تێرۆریستییەكانەوە.

بەپێی راپۆرتی ڤۆیس ئوف ئەمریكا، مەترسی گەورە لەسەر ئەمریكا و خۆرئاوا هەیە كە لە گرووپی خۆراسانی داعشەوە سەرچاوەی گرتووە لە ئەفغانستان.

بەرپرسێكی باڵای بەرەنگاربوونەوەی تێرۆر بۆ پەرلەمانتارانی ئەمریكای روونكردەوە قاعیدە و خۆراسانی داعش بەشێوەیەكی گەورە كار دەكەن لەسەر فراوانكردنی خانە هەرێمییەكانیان.

كرێستین ئەبی زێد بەڕێوەبەری نێوەندی نیشتمانی بەرەنگاربوونەوەی تێرۆر لە ئەمریكا لە كۆبوونەوەیەكدا لەسەر هەڕەشەكانی تێرۆر لەسەر ئەمریكا دەڵێت نیگەرانی زۆر هەیە لەسەر خۆراسانی داعش و لە دوای هێرشە خوێناوییەكانی سەر فڕۆكەخانەی كابووڵ ناویان زیاتر بووە.

بە گوتەی بەرپرسانی سەربازی ئەمریكا خۆراسان 2 هەزار چەكداری توندڕۆی هەیە، شانەكانیان لەسەرانسەری ئەفغانستان هەیە، سەرچاوە هەواڵگرییە رۆژئاواییەكانیش دەڵێن ژمارەكە زیاترە.