سەردێر

بەرهەم ساڵح و ئەردۆغان كۆبوونەوە

خەڵك

سەرۆك كۆماری عێراق، بەرهەم ساڵح لە پەراوێزی كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە نیویۆرك، چاویكەوت بە سەركۆماری توركیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان و سەبارەت بە گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە و جیھان گفتوگۆیان كرد.

بەگوێرەی ئەو راگەیەندراوەی كە لە نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق بڵاوكراوەتەوە، لە دیدارەكەدا گفتوگۆكرا لەبارەی پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان هەردوو وڵات و كاركردن بۆ بەهێزكردنی پەیوەندییەكان، بە جۆرێك لەبەرژەوەندی هەردوو گەل و وڵاتدا بێت.

ھەر لە دیدارەكەدا بەرهەم ساڵح جەختی لە گرنگی چەسپاندنی سەقامگیریی ناوچەكە و كەمكردنەوەی بارگرژییەكان و پشتگیریكردن لە دیالۆگ و بەیەكگەیشتن و گفتوگۆكردن لەبارەی كێشە هەڵپەسێردراوەكان و رێزگرتن لە سەروەری وڵاتان و رەتكردنەوەی دەستوەردان و پەلاماردان و ھەر جۆرە كارێك كە دەبێتە ھۆی لاوازكردنی متمانە و دروستكردنی ھەڕەشە بۆسەر ئاشتی و پێویستی كاركردنی ھاوبەش بە ئاڕاستەی ھێنانەئاراوەی ئاسایش و ئاشتی و ئارامی بۆ تەواوی ناوچەكە و جیھان، كردووەتەوە.

لای خۆیەوە سەرۆككۆماری توركیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان هەوڵەكانی عێراقی بەرزنرخاندووە بۆ كەمكردنەوەی بارگرژییەكانی ناوچەكە لە رێگەی دیالۆگ، پشتیوانی وڵاتەكەشی بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق دووپاتكردووەتەوە.