سەردێر

كازمی: ئەم هەڵبژاردنە پاك و بێخەوش دەبێت

 

خەڵك-

مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت كە هەڵبژاردنی داهاتوو بێ‌ وێنە دەبێت لەڕووی پاكی و بێخەوشی، و هۆشداریی دەدات لە هەوڵەكانی كڕینی دەنگ لەڕێگەی “دامەزراندنی وەهمی”، ڕەتیشكردەوە ڕێگە بە گەندەڵی و ساختەكاریی بدرێت لە هەڵبژاردنی داهاتوودا.

ئەنم لێدوانەی كازمی لەمیانەی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیراندا بوو، كە بەشێكی تایبەت كرابوو بۆ پرسی هەڵبژاردنی داهاتوو و لەڕێی بەیاننامەیەكەوە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە بڵاوكرایەوە.

 

بەپێی ڕاگەیاندنەكەی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق”كازمی ڕایگەیاندووە، چەند رۆژێك ماوە بۆ هەڵبژاردن، متمانەمان هەیە و گەشبینین بەوەی پڕۆسەیەك دەبێت كە پێشتر هاوشێوەی نەبووە لەرووی پاكی و نەزاهەتەوە، هەر هەوڵێك بۆ كڕینی دەنگ لەڕێگەی دامەزراندنی وەهمی و دابەشكردنی زەوی، بەڵێنی درۆن و جێبەجێ ناكرێن”.

 

بڕیارە هەڵبژاردنی پێشوەختە لە 10 تشرینی یەكەمی داهاتوو بۆ خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەبچێت، ئەم هەڵبژاردنەش بەگوێرەی یاسای ژمارە 9 ی ساڵی 2020 ئەنجام دەدرێت كە 18 پارێزگای عێراقی دابەشكردووە بۆ 83 بازنەی هەڵبژاردن كە هاوتای ژمارەی كۆتای ژنانە، مەرجیشە لەهەموو بازنەیەكدا كاندیدێكی ژن سەربكەوێت، ژمارەی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە لەم هەڵبژاردنە 25 ملیۆن كەسن، كاندیدەكانیش جگە لە حیزب و هاوپەیمانێتییەكان، ڕێژەیەكی بەرچاویان بەشێوەی سەربەخۆ و لیستی تایبەت خۆیان پاڵاوتووە، ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمانیش لە 329 كورسی پێكهاتووە كە 320 یان بۆ كێبەركێیە و 9 كورسییەكەی تر بۆ كۆتای پێكهاتەكانە كە 5 كورسی بۆ مەسیحییەكانە، هەریەك لە پێكهاتەكانی شەبەك و سابیئە و ئێزدی و كوردانی فەیلی، سەرو كورسییان پێدەدرێت.