سەردێر

هەولێر، كەسێك بە ڕووداوی هاتووچۆ گیانی لەدەستدا

خەڵك-
وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر، گیان لەدەستدانی كەسێك بە ڕووداوی هاتووچۆ لەسەر رێگای بنەسڵاوە-دارەتوو، ڕادەگەیەنێت.

بەپێی ڕاگەیەندراوێك كە لەلایەن فازڵ حاجی وتەبێژی هاتووچۆی هەولێرەوە بڵاوكرایەوە”ڕووداوەكە رووبەڕوبووە و دوو ئۆتۆمبێلەكە بەرەوڕوو پێكیان داداوە، ئاماژەی بەوەشكردووە، ئۆتۆمبێلەكان پیكابێك و كیایەكی بچووكی بارهەڵگر بوون”.

هەر لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە”لە دەرەنجامی رووداوەكە شۆفێری پیكابەكە گیانی لەدەستدا و شۆفێری كیاكەش برینداربوو، جگە لەكەوتنەوەی زیانێكی ماددی زۆر، لەلێكۆڵینەوەشدا شۆفێری كیاكە بەلایەنی خەتابار دانراوە چونكە لەرێڕەوی خۆی لایدابوو و چووبووە رێڕەوی بەرامبەر”.

وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر وەك ڕێنماییەك بۆ شۆفێران دەڵێت: “بۆهەمیشە لە شەقامە تاكسایدەكان لە ڕێڕەوی خۆتان بڕۆن و هەوڵی تێپەڕاندن مەدەن ئەگەر بەرچاوتان روون نەبوو”.