سەردێر

وەزارەتی نەوتی ئێران، یەكەم نوێنەری خۆی بۆ كاروباری عێراق دیاریكرد

خەڵك-

وەزیری نەوتی ئێران نوێنەرێكی تایبەتی بۆ كاروباری عێراق دیاریكردووە ئەمەش یەكەم نوێنەری كۆماری ئیسلامییە كە هەوڵی بەدەستهێنانی بڕی 5 ملیار دۆلار لە عێراقی هاوسێی دەدات لە قەرزی نەدراوە بەرامبەر هەناردەی گازی ئێرانی بۆ عێراق.

ئاژانسی شانای وەزارەتی نەوتی ئێران بڵاویكردەوە، جەواد عوجی وەزیری نەوتی ئێران، عەباس بەهەشتی ڕاسپاردووە هەوڵەكانی بخاتەگەڕ بۆ یەكلاكردنەوەی داواكارییەكانی قەرزی هەناردەی گاز بە عێراق.

ئەمەش لەكاتێكدایە، عێراق گاز و كارەبا لە ئێران دەكڕێت بۆ پڕكردنەوەی نزیكەی یەك لەسەر سێی بەشی ووزەی خۆی كە بەهۆی شەڕی چەندین ساڵە، بەشی ووزەی عێڕاقی داڕماوە.

بەگوێرەی ڕێكەوتنی نێوانی ئێران و عێراق، كە لە ساڵانی 2013 و 2015 دا واژۆكرا ، عێراق ڕۆژانە بڕی 70 ملیۆن مەتر سێجا گازی ئێرانی هاوردە دەكات، هەروەها هەردوو وڵاتی هاوسێ لە مانگی 6ی ساڵی 2020 دا ڕێكەوتنێكی دوو ساڵییان بۆ دابینكردنی كارەبا بۆ عێراق مۆركرد، بەڵام ئێران بەردەوام كارەبای لە عێراق بڕیوە بەمەبەستی فشار خستنەسەری بۆ ئەوەی قەرزەكانی لە بەرامبەر هەناردەی گاز و دابینكردنی كارەبا بداتەوە بە ئێران.