سەردێر

شەپۆلێكی سەرما و بەفر و باران ناوچەكە دەگرێتەوە

خەڵك-
لەگەڵ دەستپێكی وەرزی پاییز، شەپۆلێكی سەرما و بەفر و باران ناوچەكانی باكووری كوردستان دەگرێتەوە و كاریگەری دەكاتە سەر ناوچەكانی هەرێمی كوردستان و پلەكانی گەرما ڕوو لە نزمبوونەوە دەكەن.

ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، سبەی چوار شەممە ٢٢-٩-٢٠٢١ كاریگەری بارستە ھەوایەكی سارد لەسەر ناوچەكانی ناوەڕاست و ڕۆژئاوای وڵاتی توركیا دەستپێدەكات لە ئەنجامدا پلەكانی گەرما بە ڕێژەی زیاتر لە ١٠ تا ١٢ پلەی سیلیزی نزمدەبنەوە ئەمەش ڕاستەوخۆ كەشێكی ساردی زستانەی لەم ناوچانەدا دروست دەكات لەگەڵ دابەزینی بۆ سەر دەریای ڕەش نزمەپاڵە پەستۆیەكی ساردی بارانبارین بە ئاڕاستەی ئەم ناوچانەوە پێكدەھێنێت لەگەڵ بارینی بەفر لە لوتكەی چیا بەرزەكانی ناوچەكەدا.

وتیشی، “لەڕۆژانی ئایندەشدا كاریگەری زیاتر ئەبێت و درێژ دەبێتەوە بۆ ڕۆژھەڵات و باشوری ڕۆژھەڵاتی وڵاتەكە (باكووری كوردستان)”.

سەبارەت بە ھەرێمی كوردستان ڕاشیگەیاند، كاریگەریەكانی ئەو بارستە ھەوایە لە ڕۆژانی ھەینی و بەتایبەت ڕۆژی شەممە ٢٥-٩-٢٠٢١ كاردەكاتە سەر ناوچەكە بەنزمبوونەوەیەكی پلەكانی گەرما بەڕێژەی ٣ تا ٤ پلەی سیلیزی زیاتر.

دەربارەی ئەگەری باران بارین ڕوونیشی كردەوە، كاریگەری ئەم بارستە ھەوایەوە تەنھا ئەگەرێكی زۆر لاوازی بارانبارین ھەیە لە ڕۆژی ھەینیدا ٢٤-٩ لە ناوچە ھاوسنوورییەكانی باكووری كوردستان و بەشێك لە ئەوپەڕی ناوچە شاخاوییە بەرزەكانی باكوری سنووری پارێزگای دھۆك و ئاسمانی ناوچەكانی دیكەی هەرێم بەھۆی بوونی كەمێك شێ لە چینە مامناوەند و بەرزەكانی ھەوادا دەگۆڕێت بۆ نیمچە ھەور و پەڵە ھەوری جیاجیا .