سەردێر

كار بۆ گەڕانەوەی دەرماڵەی خوێندكاران دەكرێت

خەڵك-

ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە پەڕلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، كار بۆ گەڕانەوەی دەرماڵەی خوێندكاران دەكەین.

عومەر گوڵپی ‌ئەندامی‌ لیژنەی‌ دارایی‌ لە پەرلەمانی‌ كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، بە هەردوو نووسراوی‌ ژمارە (١٤٣ و ١٤٤) لە ڕۆژی‌ (٢١ی‌ ٩ی‌ ٢٠٢١)، بەدواداچوونمان كردووە بۆ دەستپێكردنەوەی‌ دەرماڵەی‌ قوتابیانی‌ زانكۆو پەیمانگا كە نزیكەی‌ پێنج ساڵە ڕاگیراوە، ئەوەش بە پاساوی‌ خراپی‌ دۆخی‌ دارایی‌ و وەستانی‌ بودجەی‌ هەرێم لە بەغداو دابەزینی‌ نرخی‌ نەوت و شەڕی‌ داعش.

وتیشی”لە ئێستادا دۆخی‌ شەڕ تەواو بووەو نرخی‌ نەوت بەرزبووەتەوەو داهاتەكانی‌ تریش زیادبوون‌و بڕە پارەیەكیش لە بەغداوە لە چوارچێوەی‌ یاسای‌ بودجە مانگانە دەگاتە هەرێمی‌ كوردستان و هەموو ئەمانەش بوونەتەهۆی‌ باشبوونی‌ دۆخی‌ دارایی‌، بەجۆرێك حكومەت توانای‌ خەرجكردنی‌ مووچەی‌ تەواوەتی‌ هەیەو خەرجكردنی‌ پارەش بۆ هەندێك پڕۆژە دەستپێكراوەتەوە”.

ئاشكراشیكرد، سەدان‌ و هەزاران قوتابی‌ لە دۆخێكی‌ سەختی‌ ژیان‌و گوزەراندا دەست بە ساڵێكی‌ نوێی‌ خوێندن دەكەن، بەتایبەت قوتابیانی‌ هەژار ئەوانەی‌ خێزانەكانیان هیچ سەرچاوەیەكی‌ داهاتیان نییە لە دۆخێكی‌ سەخی‌ بژێویدان، ئایا دەكرێت دەست لە خوێندن هەڵگرن بەهۆی‌ هەژاری‌‌و نەبوونی‌ توانای‌ دابینكردنی‌ پێویستی‌‌و خەرجییەكانی‌ خوێندن؟ ئایا دەكرێت قوتابیانی‌ هەژار هەر چاوەرێی‌ دەستی‌ چاكەكاران‌و خێرخوازو گروپی‌ خێرخوازی‌ بن تا پێویستیەكانی‌ ژیان‌و خوێندنیان بۆ دابین بكات؟ خوێندن لە وڵاتێكدا كە ڕۆژانە نزیكەی‌ (٤٠٠ هەزار) بەرمیل نەوت بە نرخی‌ سەرو (٦٠ دۆلار) بفرۆشێت، دەكرێت بەمجۆرە بێت؟
ڕوونیشیكردەوە، لە ئێستادا داهاتی‌ هەرێمی‌ كوردستان زیاترە لە یەك ترلیۆن‌و سەد ملیار دیناری‌ مانگانە، بە دڵنیاییەوە توانای‌ پێویست بەردەستە بۆ خەرجكردنەوەی‌ ئەم دەرماڵەیە كە پاڵپشتیەكی‌ گەورەیە بۆ قوتابیان.
بەزانینی‌ ئەوەی‌ ژمارەی‌ قوتابیانی‌ زانكۆو پەیمانگا نزیكەی‌ (١٣٠ هەزار) قوتابیە، بڕی‌ ئەو پارەیەی‌ پێویستە بۆ خەرجكردنی‌ دەرماڵەكە زۆر نیەو تەنها نزیكەی‌ (٥٠ ملیار دینار)ە بۆ هەموو ساڵەكە، بەپێی‌ زانیاریی‌ ئێمە توانای‌ پێویست بۆ خەرجكردنی‌ ئەو بڕە پارەیە لە هەرێمی‌ كوردستان لەبەردەستە.

ئەمەش لەكاتێكدایە، وەزیری خوێندنی باڵا و وێژینەوەی زانستی ڕایدەگەیەنێت، خوێندن بارگرانی بۆ حكومەت دروست كردووە.