سەردێر

پاڵەوانێتی جامی كەنداو لە بەسرە دواخرا

خەڵك-
عەدنان درجال وەزیری وەرزش و لاوانی عیراق ڕایدەگەیەنێت، نوسینگەی ڕاپەڕاندنی یەكێتییەكانی وڵاتانی كەنداوی عەرەبی، بڕیاریاندا بە دواخستنی پاڵەوانێتی كەنداوی 25 كە وابڕیارە لە بەسرە سازبكرێت، بۆ ساڵی 2023.

بەپێی بەیاننامەیەك كە لەلایەن وەزارەتی وەزش و لاوانەوە بڵاوكرایەوە”نوسینگەی ڕاپەڕاندنی یەكێتییەكانی كەنداو بۆ تۆپی پێ‌ كۆبوونەوەیەكی لەڕێی بازنەی داخراوی ئەلیكترۆنی سازكرد و عەدنان درجالیش لەبارەی كۆبوونەوەكە ڕایگەیاند، لە ئەنجامدا بڕیاردرا بە دواخستنی پاڵەوانێتی جامی كەنداوی 25 بۆ مانگی كاتوونی دووەمی ساڵی 2023، لەگەڵ مانەوەی مافی عیراق بۆ میوانداریكردنی پاڵەوانێتییەكە وەك چۆن پێشتر بڕیاری لەسەر درابوو”.

هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە”لە كۆبوونەوەی مانگی حوزەیرانی ساڵی 2022، وادەی كۆتایی بۆ تەواوكردنی هەموو پێداویستییەكانی پاڵەوانێتییەكە دیاریی دەكرێت، لیژنەكانی پشكنینی ئەندازیارییش پەیوەندی بەردەواميان لەگەڵ عیراق دەبێت لەو بارەیەوە، عیراق لەئێستادا هەموو پێداویستییەكانی فەراهەم كردووە و كاتی زیاتریشی بۆ دەڕەخسێت، تا باشتر بۆ سازدانی جامی كەنداو خۆی ئامادەبكات”.