سەردێر

چاودێرێكی سیاسی باسی پاشەكشەكردنی هێزەكانی ئەمریكا دەكات لە هەرێمی كوردستان

خەڵک- ئارام سەردار

چاودێرێکی سیاسی پێی وایە، ئه‌سته‌مه‌ جارێکی تر ڕێگه‌ بدرێت وڵاتێکی پڕ له‌ نه‌وت بکه‌وێته‌وه‌ ژێر ده‌ستی داعش، ئەمریکاش تەنها هێزی شه‌ڕکه‌ری زه‌مینی دەکێشێته‌وه‌ ئه‌وه‌ به‌و واتایه‌ دێت ئه‌مریکا بۆی هه‌یه‌ ئاسمانی عیراق به‌کاربهێنێت بۆ لێدان له‌ گروپه‌ تیرۆرستیه‌کان.

ئاراس عەبدوڵا، چاودێری سیاسی لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەبنکەکانی هەریر و ئەسەد بە(خەڵک)ی ڕاگەیاند، دوای ڕێکه‌وتنی حکومه‌تی عیراق و ئه‌مریکا بڕیاردرا هێزه‌ شه‌ڕکه‌ره‌ زه‌مینیه‌کان بکێشێته‌وه‌، لێره‌شدا پرسیارێک دروست بووه‌، که‌ ئایا ئه‌مریکا ته‌واو هێزه‌کان ده‌کێشێته‌وه‌ له‌ زه‌مین و ئاسمان و ده‌ریاوه‌ وه‌ک ئه‌وه‌ی لە ئه‌فغانستان ڕوویدا، بەڵام ئەوەی ڕوون و ئاشکرایە عیراق و هه‌رێمی کوردستان له‌ڕووی سیاسی و ئابووری کۆمه‌ڵایه‌تی و جوگرافی جودایه‌ له‌ ئه‌فغانستان.

دەشڵێت، به‌پێێ به‌دواداچوونه‌کانمان ئه‌مریکا نیازی هه‌یه‌ ته‌نیا هێزی شه‌ڕکه‌ری زه‌مینی بکێشێته‌وه‌ ئه‌وه‌ به‌و واتایه‌ دێت ئه‌مریکا بۆی هه‌یه‌ ئاسمانی عیراق به‌کاربهێنێت بۆ لێدان له‌ گروپه‌ تیرۆرستیه‌کان جگه‌ له‌ ئاسمانی عیراق هێزی ئه‌مریکا له‌ که‌نداوی عه‌ره‌ب ده‌مێنن که‌ به‌شێکی له‌ژێر سیاده‌ی عێراق دایه‌ وه‌ له‌ لێدوانه‌کانی به‌رپرسانی ئه‌مریکی ڕا دیاره‌ که‌ ڕاوێژکارو ڕاهێنه‌ره‌ سه‌ربازیه‌کانی ئه‌مریکا ده‌مێنن هاوکاری سوپای عیراق و پێشمه‌رگه‌ ده‌که‌ن. ئەو چاودێرە سیاسیە ئەوەش دەخاتەڕوو، گریمان ئه‌گه‌ر ئه‌مریکا به‌ ته‌واوی کشایه‌وه‌ ئایا عیراق و هه‌رێم بێ پاڵپشتی ده‌مێننه‌وه‌، لوتکه‌ی به‌غداد پێیوتین له‌ ئه‌گه‌ری ڕۆیشتنی ئه‌مریکا له‌ عیراق فه‌ڕه‌نسا شوێنی ده‌گرێته‌وه‌، وه‌ له‌سه‌ردانه‌که‌ی بۆ هه‌ولێر سه‌رۆکی فه‌ڕه‌نسا ئه‌م ترسه‌ی ڕووانده‌وه‌ ده‌ربارەی جمۆجۆڵه‌کانی داعش.

باسی لەوەشکرد، ئه‌سته‌مه‌ جارێکی تر ڕێگه‌ بدرێت وڵاتێکی پڕ له‌ نه‌وت بکه‌وێته‌وه‌ ژێر ده‌ستی داعش، به‌ڵام کاروچاڵاکی پارتیزانی زیاتر ده‌که‌ن دژی هێزه‌کانی عیراق و هه‌رێم، به‌واتایه‌ی داعش سیاسه‌تی شه‌ڕی گۆریوه‌ بۆ شه‌ڕی پارتیزانی هێرش کردن و کشانه‌وه‌، که‌ئه‌مه‌ش ده‌بێت وه‌ک مه‌ترسی سه‌یر بکرێت.