سەردێر

بڕیارێكی دیكە بۆ لێبڕینی مووچەی فەرمانبەران دەرچوو

خەڵك-
دوابەدوای هەڵوەشاندنەوەی ڕێژەی لیبڕینی مووچەی فەرمانبەران لەژێر ناوی (باجی داهات) لە یاسای بودجەی عێراقدا، پەڕلەمانی عێراق یاسای بیمەی تەندروستی پەسەند كرد و هەر فەرمانبەرێك بەپێی پلە وەزیفییەكەی بڕێك لە مووچەكەی دەبڕدرێت.

بەپێی یاسای بیمەی تەندروستی، كە ڕۆژنامەی وەقائعی عێراق بڵاویكردۆتەوە، بەشێوەی ناچاری و زۆرەملێ‌ مانگانە بڕێك پارە لە مووچەی فەرمانبەران بۆ بیمەی تەندروستی دەبڕدرێت و بڕی لێبڕینەكەش بەپێی پلەی وەزیفی فەرمانبەرەكە دەبێت، كە تا پلەی وەزیفییەكەی بەرزتربێت پارەی لێبڕدراو لە مووچە زیاتر دەبێت و بەڕێژەی 1% بۆ 2.5% دیاری كراوە.

بەپێی یاساكە، كە لە 15ی ئەم مانگەوە كەوتۆتە بواری جێبەجێ‌ كردنەوە و وێنەی دەست (خەڵك) كەوتووە، مانگانە بەشێوەی زۆرەملێ‌ ئەو پارەیە لە مووچەی فەرمانبەران دەبڕدرێت، كە بۆ پلە باڵاكان بڕی 100 هەزار دینارە و بۆ پلەكانی (یەك و دوو و سێ‌) بڕی 50 هەزار دیناری مانگانە دەبێت.

هەر بەپێی یاساكە، بۆ ئەو فەرمانبەرانەی لە پلەكانی (چوار و پێنج و شەش)دان بڕی 25 هەزار دەبڕدرێت و بۆ پلەكانی خوارتر بڕی 10 هەزار دینار بۆ بیمەی تەندروستی دەبڕدرێت.

ئەم بڕیارەی حكومەتی عێراق لەگەڵ جێبەجێ‌ كردنی بەشێكی زۆری فەرمانبەرانی كوردیش لە ناوچە كوردستانییەكان و هەروەها ئەو فەرمانبەرانەی هەرێم، كە سەر بە فەرمانگە فیدڕاڵییەكانن و لەسەر بەغدا مووچە وەردەگرن دەگرێتەوە.