سەردێر

نرخی ئارد لە بازاڕەكانی هەرێم هەرزان دەبێت

خەڵك
بەڕێوەبەری كومپانیای دروستكراوی دانەوێڵەی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، كردنەوەی كارگەیەكی خۆماڵی بۆ بەرهەم هێنانی ئارد جگە لە سوودە داراییەكەی، سوودی تەندروستی بۆ هاووڵاتیان هەیە و دەشڵێت: “یەك تۆن ئارد بە 460 دۆلار بە هاووڵاتیان دەفرۆشێت”.

نەسرین محەمەد عەلی خان، بەڕێوەبەری كومپانیای دروستكراوی دانەوێڵەی سلێمانی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، كردنەوەی كارگەیەكی بەهەمهێنانی ئاردی سفر لە سلێمانی جگە لەوەی هەلی كار بۆ ژمارەیەك زۆر لە هاووڵاتیان دەرەخسێنێ، لەهەمان كاتدا سوودێكی زۆری ماددیش بە هاووڵاتیان دەگات.

وتیشی، “لەماوەی ڕابردوودا هەموو لەوە بە ئاگابووین، كە بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی ئارد لە بازاڕەكان 6 نان بووە هەزار دینار، چونكە یەك تۆن ئارد تا 510 دۆلار ڕۆیشت، بە كردنەوەی ئەم كارگەیە نرخی یەك تۆن ئارد بە 460 دۆلار دەدرێتە هاووڵاتیان”.

ڕاشیگەیاند، سوودێكی دیكەی كارگە خۆماڵیەكە ئەوەیە لە ڕووی تەندروستییەوە خۆمان ئاگامان لە ڕێگاكانی بەرهەمهێنانی ئاردەكە دەبێت و دەستكاری پێكهاتەی گەنمەكە ناكرێت و شتی دیكەی تێبكرێت، بۆیە سوودێكی باشی هەیە لە ڕووی تەندروستیەوە.

ئاشكراشیكرد، ئەم كارگەیە تەنها ئاردی سفر بەرهەمدەهێنێت، ئێمە ئاردی بەشەخۆراك بەرهەم دەهێنین، ئەم كارگەیە هاوشێوەی ئاردە سفرەكەی لە بازاڕ دەكرێتە نان بەهەم دەهێنێت.

لەبارەی لێدوانەكەی وەزیری كشتوكاڵی هەرێم كە گوایە لەماوەی ڕابردوودا ئەو ئاردەی هاوردەی هەرێم كراوە پێكهاتەی كوشندەی تێكەڵ كراوە، نەسرین محەمەد وتی، “پێشتر لە وەزارەتی ناوخۆ و تەندروستیەوە نووسراوی تایبەت كراوە بۆ خاڵە سنورییەكان تا ڕێگری لە هاوردەكردنی ئەو جۆرە ئاردە بكرێت”.