سەردێر

لە هەرێمی كوردستان تیرۆری كوردانی باكور و رۆژهەڵاتی كوردستان زیادیكردووە

خەڵك-
لە هەرێمی كوردستان لە ماوەی ساڵانی رابردوودا تیرۆری كوردانی رۆژهەڵات و باكووری كوردستان زیادیكردووە، چاودێرێكی سیاسیش ڕایدەگەینێت، دەوڵەتانی داگیركەری كوردستان ڕێكەوتنی ژێربەژێریان كردووە و پیلانیان هەیە و ئەندازیاری پلانەكەش ئەردۆغانە بۆ لەناوبردنی دەستكەوتەكانی كورد لە هەر چوار پارچەی كوردستان.

تیرۆركردنی بەرپرسانی حزبەكانی باكور و ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە باشووری كوردستان زیادیكردووە، تاكو ئێستاش بەرپرسانی هەرێم هیچ پلانێكیان بۆ ڕروبەڕووبوونەوەی ئەو مەترسیانە نییە.

لوقمان حەسەن چاودێری سیاسی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، بەرپرسانی ئەكەپە نایشارنەوە لە هەموو كۆبونەوەكانی خۆیان بە ئاشكرا وتویانە بەهیچ جۆرێك ناهێڵن و ڕێگەنادەن كورد ببێتە خاوەنی دەستكەوتی سایسی خۆی، هەڵبەت ئەم لێدوانانە ئێستا جێبەجێكراون و كاری بۆ كراوە.
وتیشی”ئەو هێرشانەی لە مانگی چوارەوە بە بەردەوامی ئەكەپە بۆسەر باشوور دەستیپێكردووە‌و تەنها هێزێكیش لەبەرانبەری ئەوان وەستاوەتەوە هێزی پاراستنی گەلە، ئەردۆغان لە مەیدانی جەنگدا شكستی هێناوە‌و ئێستا هاتووە لەناو شارەكانی باشوور ئازادیخوازان تیرۆر دەكات، لەبەرئەوە ئەو شكستەی لەوێ تووشیان هاتووە، دەیانەوێت تۆڵە بكەنەوە و بە گەلی توركیا بڵێن ئێمە دەست دەوەشێنین”.
ئاشكراشیكرد، لە مێژووی خەباتی كورد لە باشووری كوردستان، ئەو ڕاستیە باش دەزانین بەتایبەت دوای پڕۆسەی بەدناوی ئەنفال كاتێك سەرانی حزبەكانی هەرێم ئاوارەی ئێران و سوریا بوون، موخابەراتی عێراقی بەو هەموو پاڵپشتییە جیهانیی و بەهێزەی خۆیەوە، نەیانتوانی گورزێك لە ئۆپۆزسیۆنی سەدام بوەشێنن، ئایا دەسەڵاتدارانی هەرێم هێندە لاواز‌و بێئیرادەن كە نەتوانن داڵدەی ئەو كەسە ئازادیخواز و میوانانە بدەن كە هانایان بۆ باشوور هێناوە؟ ئەمە مایەی خوێندنەوەیەكی فرە ڕەهەند هەڵدەگرێت و دەبێت دەسەڵاتدارانی هەرێم و بەتایبەتی زۆنی سەوز و نیلی وەڵامێكی یەكلاكەرەوەیان هەبێت بۆ هاووڵاتیان.

ڕوونیشیكردەوە، تیرۆری بەرپرسانی باكور و ڕۆژهەڵات، بەشێكە لەو پلانە ژێربەژێرەی لەناو دەوڵەتانی داگیركەری كوردستانە و دەیانەوێت گەلی كورد لەناوبەرن، ڕادەستكردنەوەو ناردنەوەی شۆرشگێڕان لە دەڤەری زەرد و سەوز كارەساتە و شتێكە لە درەرەوەی یاسای نێودەوڵەتییە و لەدەرەوەی بەها كۆمەڵایەتیەكانە، دەبێت هەڵوەستەی جدی لەسەر بكرێت.

لە ماوەی دوو رۆژی بەدوای یەكدا كوردێكی باكور بریندار كراو كوردێكی دیكە كوژرا لە شاری سلێمانی.
ماوەیەك لەمەوپێشیش لە هەولێر كوردێكی رۆژهەڵاتی كوردستان تیرۆركرا.
لەلایەكی دیكەوە كوردانی ئەم دوو پارچەی كوردستان لە نێو خاكی باشووردا دەبنە ئامانجی هێرشە ئاسمانییەكان و دەكوژرێن، لە ماوەی رابردوودا چەندین سەركردەی پەكەكە لە سنوری سلێمانی و شنگال و دهۆك كوژراون.