سەردێر

سەرۆكی هەرێمی كوردستان دۆستایەتی لەگەڵ رۆژئاوا بەهێز دەكات

دەتوانرێت فەڕەنسا و بریتانیا ببنەجێگرەوەی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان و عێراق

خەڵك-

بەڕێوەبەری پلاتفۆڕمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، نێچیرڤان بارزانی سیاسییەكی نەرمە، ئەمەش هاوكاری دەبێت بۆ دۆستایەتی و گۆڕانكاری خێرا لە گۆڕینی ڕوئیای بەرامبەر بۆ سیاسەتی ناوچەكە و هەمیشە لە تێكچوونی پەیوەندییەكانیشدا هێڵێك دەهێڵێتەوە، هەر ئەمەش لە ڕووداوەكانی دوای ڕیفراندۆمدا دەرگا داخراوەكانی كردەوەو حكومەت و حزبەكەشی لە ڕووخان پاراست.

چەند ڕۆژێك بوو نێچیرڤان بارزانی سەردانی بریتانیای كرد لە لەندەن لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی بریتانیا و جێنشینی ئەبووزەبیدا كۆبووەوە، چاودێرانی سیاسی پێیانوایە، نێچیرڤان بارزانی كار بۆ دۆزینەوەی جێگرەوەی ئەمریكا لە عێراق و هەرێم دەكات.

عوسمان گوڵپی بەڕێوەبەری پلاتفۆڕمی كوردستان بۆ پرسە نیشتمانییەكان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، لەوكاتەوەی باس لە كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا دەكرێت لە عێراق هەست بە گۆڕانكاری جدی دەكرێت لە جوڵەكانی سەرۆكی هەرێم.

دەشڵێت “ناتوانرێ بوترێت بەدوای بەدیلی ئەمریكادا دەگەڕێت، بەڵام ئەوەی لێدەخوێنرێتەوە كە نێچیرڤان بارزانی دەیەوێت ئەو لاسەنگییە ڕاست بكاتەوە كە هەرێمی خستووەتە بەردەم ڕقی دژە ئەمریكاییەكان، بۆیە بە ڕوونی دیارە كە فراوانتر لە ڕابردوو پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئێرانییەكان ڕێكخستووەتەوە، لە وڵاتانی ڕۆژئاواشدا گرنگیدانی زیاتر بە فەڕەنسا جێگای لەسەر وەستانە، چونكە فەڕەنسا ئەندامی سەرەكی ئەنجومەنی ئاسایشە، ئەگەرچی بەریەككەوتنی نێوان توركیا‌و فەڕەنسا و ئاستەنگ بۆ پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و فەڕەنسا، هەرێم و توركیا دروست دەكەن”.

ئاشكراشیكرد، ئەگەر كورد بتوانێت لەنێوخۆ سیاسەتی ڕێكبخاتەوە دەتوانێت سود لە پەیوەندی لەگەڵ بریتانیا ببینێت، ئەم سەردانەی نێچیرڤان بارزانی دەتوانێ وەك بەدیل خۆی نیشان بدات و سیاسەتی هەرێم ڕێكبخاتەوە‌و دەكرێ دەرگایەكبێت بۆ گۆڕانكاری.

سەبارەت بەوەی سەرۆكی هەرێم چۆن دەتوانێت وڵاتی دیكە قایل بكات ببێتە جێگرەوە ئەمریكا، ناوبراو ڕایگەیاند، بۆ سەرۆكی هەرێم ئاسانە مامەڵە لەگەڵ بریتانیاییەكان بكات، چونكە تاكە وڵاتی ڕۆژئاواییە كە زۆرترین بەركەوتەی لەگەڵ عێراق و عێراقییەكان هەبووە لە مێژوویدا، بریتانیاییەكان خۆیان بە دروستكەری عێراق دەزانن و قورسیش نییە بۆ سەرۆكی هەرێم پەیوەندی هەرێم و بریتانیا ڕێكبخاتەوە.

جەختیشكردەوە، ئەگەر سەركردایەتی كورد فریای خۆی نەكەوێت و پلانی بەدیلی ئامادە نەبێت بۆ دوای كشانەوەی ئەمریكا، ئەوا یەكەم شت لەدەستدەدرێت قەوارەی هەرێمە، بۆیە ئەو هەڵمەتەی نێچیرڤان بارزانی دەستیپێكردوە، هۆكارەكەی ئەو مەترسیانەیە كە چاوەڕێی هەرێم دەكەن.