سەردێر

كۆڵبەرێك بە تەقەی هێزەكانی ئێران كوژرا

خەڵك-

ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕایدەگەیەنێت، كۆڵبەرێك لە سنووری سەردەشت بە تەقەی هێزە چەكدارەكانی ئێران كوژرا.

ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، شەوی ڕابردوو، هێزە چەكدارەكانی ئێران لە سنووری دۆڵەبی سەردەشت تەقەیان لە ژمارەیەك كۆڵبەر كردووە و لە ئەنجامدا كۆڵبەرێك كوژراوە.

ئاشكراشیكرد، كۆڵبەرەكە ناوی ئومید محەمەدزادەیە و تەمەن ٣٩ ساڵە و خەڵكی گوندی گڕوەیس و دانیشتووی شارۆچكەی ڕەبەت بووە، گوللەیەك بەر كەلەكەی كەوتووە و بەهۆی خوێنڕێژی گیانی لەدەستداوە.

بەپێی زانیارییەكانی هەنگاو، لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا ٤ كۆڵبەر لە سنوورەكانی سەردەشت، بانە و نەوسوود گیانیان لە دەست داوە كە سیانیان بە تەقەی هێزە چەكدارەكانی ئێران كوژراون.