سەردێر

كۆنفڕانسی پەروەردەیی زانكۆی ئەمەریكی كوردستان بەڕێوەدەچێت

خەڵك-

كۆنفڕانسی پەروەردەیی زانكۆی ئەمەریكی كوردستان لە دهۆك بەڕێوەدەچێت و لەمیانی ئامادەبوونیان لە كۆنفرانسەكەدا سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان وتاریان پێشكەشكرد.

ئەمڕۆ یەكشەممە 19ی ئەیلول، كاتژمێر 9:00 بەیانی، بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كۆنفرانسی پەروەردەیی زانكۆی ئەمەریكی كوردستان لە دهۆك بەڕێوەدەچێت.

لە كۆنفرانسەكەدا هەر یەك لە وەزیری پەروەردە، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بەبۆنەی بەڕێوەچوونی كۆنفرانس وتاریان دەبێت، لە بەشێكی كۆنفڕانسەكەشدا گفتوگۆ و پانێلی تایبەت لەبارەی كەرتی پەروەردە لە هەرێمی كوردستان بەڕێوەدەچن.

مەسرور بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، دوو ساڵی ڕابردوو بەهۆی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا و قەیرانی ئابووری، بەداخەوە دۆخێكی نائاسایی هاتە ئاراوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش نەوەستاین و بەردەوام بووین و درێژەمان بە چاكسازییەكان دا لە هەموو بوارەكان.

وتیشی”بەهۆی ئەو چاكسازییانەوە توانیمان ئەو قەیرانانە تێپەڕێنین، ئێمە هەوڵێكی زۆر دەدەین و كار دەكەین بۆ ئەوەی سیستمی پەروەردە و خوێندنی باڵامان بە ئاستێك پێشبخەین، كە گونجاو بێت لەگەڵ پێشكەوتنەكانی سەدەی 21، كە ئامانجمان ئەوەیە قوتابیانی كوردستان فێری ئەو پسپۆری و شارەزاییە بن كە بۆ بازاڕەكان و سەقامگیری كوردستان پێویستە، بۆ ئەوەی هەم یارمەتیدەربێت بۆ دۆزینەوەی هەلیكار و كەمكردنەوەی ڕێژەی بێكاری، هەمیش پاڵپشتێكی بەهێزبێت بۆ گەشەپێدانی ئابووری و ئارامی وڵاتەكەمان”.

ئاشكراشیكرد، وەك بەشێك لە پڕۆسەی چاكسازی لە بواری پەروەردە و فێركردن، بە نیازی پێكهێنانی دەستەیەكین بۆ هەڵسەنگاندن و متمانە بەخشین بە دامودەزگا ئەكادیمییەكان، National Accreditation Body، كە كاری ئەو دەستەیە بەخشینی دانانی هەڵسەنگاندنی دامودەزگا ئەكادیمییەكانە،‌ بەپێی ستاندارە نێودەوڵەتییەكانی خوێندن بە ئامانجی پێشخستنیان و دانانی پلانێكی ستراتیژی، بۆ چارەسەركردنی هەموو كێشە پەیوەندیدارەكان بە بواری پەروەردە و خوێندن دەكرێ ئەو دەستەیە ببێتە نموونەیەكیش بۆ سەرتاسەری عێراق.