سەردێر

كوردێك پۆستێكی باڵا لە نەتەوە یەكگرتووەكان وەردەگرێت

خەڵك
كوردێك پۆستێكی باڵا لە نەتەوە یەكگرتووەكان وەردەگرێت و دەبێتە جێگری سەرۆكی كۆنگرەی ساڵانەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم.

بەكر فەتاح، نوێنەری ھەمیشەیی عیراق لەرێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە نەمسا، بەجێگری سەرۆكی كۆنگرەی ساڵانەی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم هەڵبژێردرا.

كۆنگرەی ساڵانەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم ساڵانە دەستەی سەرۆكایەتیی هەڵدەبژێرێت، بەپێی جوگرافیا پۆستەكانی سەرۆكایەتی دابەشدەكرێت و بۆ ئەمساڵ پۆستەكانی سەرۆك و جێگر بۆ باشووری ئاسیا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دیاریكران، كە سەرۆك درا بە كوێت و جێگریش درا بە عێراق.

بڕیارە رۆژی دووشەممە 20.9.2021 كۆنگرەكە یەكەم كۆبوونەوە بكات و كوەیت سەرۆكایەتی بكات، رۆژی سێشەممەش كۆبوونەوەیەكی دیكە بە سەرۆكایەتیی بەكر فەتاح لە پشكی عێراق دەكرێت.

بەكر فەتاح حوسێن زیاتر بناسە..

– باڵیۆزی پێشووی عێراق بووە لە سوێد و بەرازیل

– نوێنەری هەمیشەیی عێراقە لە نەتەوە یەكگرتووەكان

– ساڵی 1957 لە سلێمانی لەدایكبووە

– خێزاندارە و باوكی دوو كچە

– زمانەكانی ئینگلیزی، ئیسپانی، فارسی و ئیتاڵی دەزانێت

– ساڵی 1978 لە زانكۆی سلێمانی بەكالۆریۆسی لە كیمیادا بەدەستهێناوە

– 1989 تا 1992 نوێنەری یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان بووە لە ئێران

– 1994 تا 1998 نوێنەری یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان بووە لە ئیسپانیا

– 1999 تا 2009 ئەندامی ئەنجوومەنی نەتەوەیی كوردستان – عێراق بووە