سەردێر

ئارام جەمال: چەقی ململانێكانی بانگەشەی هەڵبژاردن هەولێر و كەركووكە

خەڵك

بەڕێوەبەری پرۆژەكان لە پەیمانگای كوردی بۆ هەڵبژاردن دەڵێت، بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارە جیاواز لە هەڵبژاردنەكانی پێشوو چەقی ململانێكان لە هەولێر دەبێت و لە سلێمانی نابێت بەهۆی ئەوەی ئەو دوو هێزەی لە سلێمانی ڕكابەری یەكتر بوون ئێستا هاوپەیمانن.

ئارام جەمال، بەڕێوەبەری پرۆژەكان لە پەیمانگای كوردی بۆ هەڵبژاردن بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، چەقی ململانێكان لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا لە هەرێمی كوردستان پارێزگای هەولێرە و دوای ئەویش كەركووك، لە سلێمانی كەمتر دەبێت بە هۆی ئەوەی ئەو دوو هێزە سەرەكیەی لە هەڵبژاردنەكانی ڕابردوودا كێبڕكێیەكی توندیان دەكرد ئێستا لە هاوپەیمانێتیدان كە ئەوانیش یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و بزووتنەوەی گۆرانن.

ئاماژەی بە ئەوەشكرد، سەبارەت بە عێراق چەقی ململانێكان لە بەغدا دەبێت بەهۆی ئەوەی ژمارەی كورسیەكان زۆرترە و دوای ئەویش بەسڕەو ئەو شوێنانەن كە خۆپیشاندانیان تێدا كراوە.

لە باری ئەوەی كەلە لایەن هاوولاتیان و شارەزایانی بواری هەڵبژاردنەوە باس لەوە دەكرێت بانگەشەكان تا ئێستا بە ساردی بەڕێوە دەچن ئارام جەمال وتی، هێشتا كات زۆر ماوە بۆ هەڵبژاردن و هێزەكان خۆیان كۆدەكەنەوە بۆ 15 ڕۆژی پێش هەڵبژاردن و ئەو كاتە دەتوانین بڕیار بدەین بانگەشە گەرموگوڕە یان نا.

سەبارەت بە ئەگەری ئەنجامدانی ساختەكاری لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی عیراقدا ئارام جەمال وتی، هەڵبژاردنی ئەمجارە دڵنیاییەك دەداتە هاووڵاتیان كە دەنگەكانیان نافەوتێت و ناتوانرێت ساختەكاری بكرێت ئەویش بەهۆی ئەو ئامێرانەی هێنراون ڕێوشوێنی زۆر توند گیراوەتەبەر، هیوادارم بەهۆی ئەو ڕێكارانەی گیراونەتەبەر ئاستی ساختەكاری داببەزێت بۆ سفر.