سەردێر

لیزا فەلەكەدین؛ مەترسیەك لەسەر دەنگەكانی كورد لە كەركوك ئاشكرادەكات

خەڵك
ئەندامێكی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ڕایدەگەیەنێت ، گەڕانەوەیان بۆ كەركوك بەهەڵكردنی ئاڵای كوردستانەوە، جارێكی دیكە شۆڤێنییە توركمان و عەرەبەكانی هێنایە لەرزین ، دەشڵێت،” توركمانەكان چەندین فۆرمی خۆراكیان لە دەشتی نەینەواوە بۆ كەركوك گواستووەتەوە”.

لیزا فەلەكەدین، ئەندامی لیژنەی ناوچەكوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە پەڕلەمانی كوردستان لە هەژماری تایبەتی خۆی دەڵێت،”گەڕانەوەی پارتی بۆ كەركوك بە هەڵكردنی ئاڵای پیرۆزی كوردستانەوە، هەروەها نزیك بوونەوەی رێككەوتنی هەولێر و بەغدا لەسەر پرسی گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ كەركوك و تەواوی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم، جارێكی تر شۆڤێنییە توركمان و عەرەبەكانی هێنایە لەرزین و هەر بۆیە كەوتنە داواكارییەوە بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە كەركوك”.

دەشڵێت،”پاش ئەو هەوڵە لە ئێستادا لیژنەیەكی پێنج كەسیان بۆ سەرپەرشتیكردنی پڕۆسەی هەڵبژاردن لە كەركوك دامەزراندووە، كە سەرجەم ئەندامانی لیژنەكە لە پێكهاتەی توركمان و عەرەبن و بەشداریان بە هیچ ئەندامێكی كورد نەكردووە”.

ڕاشیگەیاندووە، كارەساتە كە نەتەوەیەكگرتوەكان سەرپەرشتی ئەو لیژنەیە دەكات و نازانرێت چۆن چاوپۆشی لەم نا حەقییە زەقە كردووە بەرامبەر بە كورد و رێگەی داوە دوو پێكهاتەی عێراق كودەتا بەسەر پێكهاتەی كورد بكەن، كە گەورەترین پێكهاتەی ناوچەكەیە.

ئاشكراشیكردووە، توركمانەكان چەندین فۆرمی خۆراكیان لە دەشتی نەینەواوە بۆ كەركوك گواستووەتەوە، هەروەها لەبەرئەوەی بازنەی (سێ) لە كەركوك كە سێ كورسی تێدایە و سەرجەمی بۆ پێكهاتەی عەرەبە بۆیە بە هەزاران فۆرمی خۆراك لە بازنەی (سێ)وە بۆ بازنەی (دوو) گواستراوەتەوە بۆ ئەوەی تەواوی كورسییەكانی بازنەی (دوو) كۆنترۆل بكەن و رێگە نەدەن كورد هیچ كورسییەك لەوێ بەدەست بهێنێت.